ئەمریکا لە درێژەی گوشارەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، گەمارۆی بەسەر تۆڕێک لەو کەس و شیرکەتانە سەپاند کە پەیوەندییان بە هەناردەکردنی نایاسایی نەوتی ئێرانەوە هەیە.
بە وتەی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە بیانییەکانی وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا، زیاتر لە ٢٤ کەس، شیرکەت و کەشتیی سەر بە ئیمپراتۆریەتێکی کەشتیوانی خراونەتە نێو ئەم لیستەوە.
بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە ئەم تۆڕە لەلایەن محەممەد حوسێن شەمخانییەوە بەڕێوە دەبرێت و دەورێکی گرینگی هەیە لە فرۆشتنی نهێنیی نەوت و دابینکردنی دارایی بۆ چالاکییە ناوچەییەکانی تاران.
سکۆت بێسێنت جەختی کردەوە کە ئامانجکردنی بژاردە ئابوورییەکانی نزیک لە ڕێژیم لە بەرنامەدا هەیە و واشنگتۆن ئامرازەکانی وەک سزای دووەمیش بەکار دەهێنێت.
ئەم پەکێجە هەروەها دابینکەرێکی دارایی پەیوەندیدار بە حیزبوڵڵا و تۆڕێکی تێوەگلاو لە ئاڵوگۆڕی نەوتی ئێران بە زێڕی ڤێنێزوئێلا لەخۆ دەگرێت.
ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە کەمپەینە بەرفراوانەکەی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی سەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی و لاوازکردنی تۆڕە نیابەییەکانی لە ناوچەدا هەژمار دەکرێت کە تا ئێستا زیاتر لە هەزار کەس، کەشتی و دامەزراوەی کەرتی وزەی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی گەمارۆ داوە.