کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتانیاهوو: ئیسرائیل و ئەمریکا لەسەر پرسی ئێران هاوڕان

10:43 - 27 خاکەلێوه 2726

بێنیامین نەتانیاهوو ڕایگەیاند کە ئامانجەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە ئێران لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا هاوتەریبن و تەلئاڤیڤ لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادان، لە ئامادەباشیی تەواودایە.

نەتانیاهوو ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خاکەلێوە بە ئاماژەدان بە هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ واشنگتۆن وتی: "هاوپەیمانە ئەمریکاییەکانمان بەبەردەوامی لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران ئاگادارمان دەکەنەوە و ئامانجەکانمان لەم بوارەدا هاوڕان."

ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم هەماهەنگییە بەشێکە لە ڕوانگەی هاوبەشی نێوان هەر دوو وڵات بەرامبەر بە بەرنامە ناوچەیی و ئەتۆمییەکانی تاران.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها بە ئاماژەدان بە ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکان زیادی کرد: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئێران، ئێمە بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادەین."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەدرێن کە گرژییە ناوچەییەکان هێشتا لە ئاستێکی بەرزدان و نیگەرانییەکان سەبارەت بە فراوانبوونی پێکدادانەکان لە نێوان هەر دوولادا ڕووی لە زیادبوون کردووە.

جەختکردنەوەی بنیامین نەتانیاهوو لەسەر ئامادەیی بۆ هەر سیناریۆیەک، دەربڕی ئەوەیە کە تەلئاڤیڤ ئەگەری گەڕانەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران بە هەند وەردەگرێت و بە جیددی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات.