کۆمەڵەی فولادی موبارەکەی ئیسفەهان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێڵی بەرهەمهێنانی ئەم کۆمەڵە پیشەسازییە تووشی "وەستانی تەواو" بووە.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی ئەم کۆمەڵەیەدا هاتووە کە ئەو یەکانەی پەیوەندییان بە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە هەیە، ڕووبەڕووی "وێرانکاریی بنەڕەتی" بوونەتەوە و لەم بارودۆخەدا هیچ دەرفەتێک بۆ بەردەوامبوونی چالاکییەکان نەماوە.
زیانەکان تەنیا لە ئیسفەهان نین لەلایەکی دیکەوە، جێگری بەڕێوەبەری کارگێڕیی شیرکەتی "فولادی خوزستان" باسی لەوە کردووە کە تەواوی یەکەکان و کورەکانی پۆڵاسازیی ئەو کۆمەڵە پیشەسازییەش زیانیان پێگەیشتووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی قەبارەی وێرانکارییەکان، دووبارە خستنەگەڕی ئەم یەکانە "لانیکەم شەش مانگ و لانیزۆر ساڵێک" کاتی پێویستە.
ئەم پەککەوتنە بەکۆمەڵەی کارخانەکانی پۆڵا، کە بڕبڕەی پشتی پیشەسازی و هەناردەی نانەوتیی ئێران پێک دەهێنن، گورزێکی کوشندەیە لە ئابووریی ڕێژیم و نیشاندەری قووڵی ئەو زیانانەیە کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکان بە ژێرخانە گرینگەکانی وڵات گەیشتوون.