کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: ئێران لەگەڵ بژاردەیەکی سەخت بەرەوڕوویە

17:21 - 27 خاکەلێوه 2726

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هۆشداری بە کۆماری ئیسلامی دا و وتی کە تاران لەبەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز دایە و دەبێت لە نێوان "جووڵە بەرەو داهاتوو" یان نوقمبوون لە "گۆشەگیری و لەنێوچوون"دا یەکێکیان هەڵبژێرێت.

کاتز ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خاکەلێوە، لە ڕێوڕەسمێکدا لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە ئەگەر ئێران ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوە هەڵبژێرێت، لەگەڵ لێکەوتەگەلێکی زۆر توندتر لە هێرشەکانی پێشوو ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

ناوبراو ڕایگەیاند: "ئەو ئامانجانەی تا ئێستا هێرشیان نەکراوەتە سەر، دەتوانن زۆر بەئازارتر بن."

ئەم بەرپرسە ئیسرائیلییە هەروەها ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی حیزبوڵڵای لوبنانی بە بەشێک لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەرفراوانتر لەگەڵ کۆماری ئیسلامی زانی و وەک هەوڵێک بۆ سنووردارکردنی هێژموونی ناوچەیی ئێران هەڵسەنگاندنی بۆ کرد.

هەر لەو پەیوەندییەدا، پیت هێگسێت، وەزیری شەڕی ئەمریکا هۆشداریی دا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کە ئەگەر مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاشتی قبووڵ نەکەن، ڕووبەڕووی هێرشی چەکداری و بۆردومانی بنکە گرینگەکانی وزە و کارەبا دەبنەوە.