✍️ئاڵەشین
دوو شەڕی جیهانی، ئەمریکا و ئورووپایان زۆر لێک نزیک کردەوە. پاش شەڕەکانیش، مەترسی بۆ سەر شارستانییەت و ئەو بەستێنە سیاسی ـ ئابووری ـ کۆمەڵایەتییەی کە ئەم دوو بلۆکە گرتبوویانە بەر، ئەوەندەی دیکە لێکی نزیک کردنەوە. لە بەجیهانیبووندا، ئیدی تۆ لێکی ناکەیتەوە چی ئەمریکییە و چی ئورووپی، تەنانەت ئەگەر بەرهەمەکە ئەمریکاییش بێت؛ چونکە ئاشکرایە ئەمریکا بە ژێنێتیک هەموو شتێکی، لە بەرهەست و دەرهەستەوە، ئورووپاییە. بەڵام لەپڕ ترامپ هاوکێشەکەی گۆڕی. ئەو لە خولی یەکەمیدا بە ڕەخنەی جیددی لەسەر ئورووپاییەکان و هاتنەدەر لە هەندێک گرێبەست و ڕێککەوتن و هەڕەشەی وەک کشانەوە لە ناتۆ، پاشانیش لەم خولەی سەرکۆماریدا بە سووربوون لەسەر بەدەستەوەگرتنی گرینلەند، لە هەڕەشەکانی پێشوو بۆ سەر ئورووپا مەترسیدارتر دەرکەوت. جگە لەوەش، باس و بابەتی ئابووری و تەعرفەی گومرگی و بەربەستە بازرگانییەکان، ڕەهەندێکی دیکەی کێشەکانن. ترامپ لە هەمبەر شەڕی ئۆکراینیشدا شێوازێکی جیاوازی گرتە بەر و پشتیوانییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکراینا، بەستەوە بە هەندێک مەرج و گرێبەستی ئابووری کە کانگە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتەی دەگرتەوە.
بەڵام شەڕی ئێران و بێمەیلیی ئورووپا بۆ پشتیوانی و بەشداری لەو شەڕەدا، جیاوازییەکانی بەرژەوەندیی ئەمریکای ترامپ و ئورووپای دەرخست. دابەشکردنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دابەشکردنێکی ئورووپاییە، هەر بۆیەش ئەم نەزمە هەتا ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر بەرژەوەندییەکانی ئورووپای دابین کردووە. بەڵام بە تێکچوونی ئەم نەزمە، دیار نییە بەرژەوەندییەکانی ئورووپا بەم جۆرەی دەیانەوێت بپارێزێت؛ چونکە دابەشکردنی بەرمەبەست لە ڕوانگەیەکی تەواو جیاوازەوە بڕیارە بکرێت. با ئەمریکا بە ژێنێتیک ئورووپایی بێت، بەڵام دەزانین خودی ئەمریکا بەرهەمی هەڵگەڕانەوە لە کۆلۆنیالیزمە. لەم لایەشەوە ئیسرائیل وا دەردەکەوێت لەگەڵ میراتە نەزمە کۆنە ئورووپاییەکاندا تەبا نییە و بە هیچ داڕشتنێک کە زۆرترین بەرژەوەندییەکانی نەپارێزێت، قایل نابێت. لە لایەکی دیکەوە ڕووسیەی نوێ نیشانی داوە مەترسیی داکشانی بۆ خوارووی خۆی نییە، بەتایبەتیش کە پێگەی ڕووسیە لە قەوقاز و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەزۆری لاواز بووە و گەڕانەوەی ئەستەم دەنوێنێت (مەبەست هێژمۆنیکە). سیاسەتی هێرشبەرانەی ڕووسیە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا نیشانی داوە دەیەوێت بەرەو سنوورەکانی یەکێتیی ئورووپا زیاتر دەستی بکرێتەوە.
لە بەشی ڕۆژهەڵاتی دووریشدا، ئەوەی هەیە چین بە بێدەنگی خەریکە نەرمنەرم پانتایی زیاتر دەتەنێت. کریدۆر و پڕۆژە ئێجگار مەزنەکان و هێزی نەرمی چینی، بەرەو پێش دێن. ڕەنگە شەپۆلەکانی هێژمۆنی چینی، پاڵ بە ڕووسیەوە بنێن تا بەرەو ئورووپا بخشێت. لەم لایەشەوە ئورووپا مەیلەو چین و تەنانەت هیندستانیش دەبێت. واتە ئەگەر ئەم هێژمۆنییانە وەک شەپۆل لەبەرچاو بگرین؛ چین پاڵ بە ڕووسیەوە دەنێت، ڕووسیە پاڵ بە ئورووپاوە، لەم لایەشەوە ئورووپا چونکە پانتایی و وشکانیی بەپاڵەوە نییە، هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی دوور، واتە چین و هیندستان. ئەمریکاش هەروەک بینیمان لەو جووڵەی شەپۆلانە بێکاریگەر نییە؛ بینیمان بەرەو باشووری وشکاڕۆی ئەمریکا کشا و بە دەستەمۆکردنی ڤێنۆزۆئێلا و لەم لایەشەوە بە بەرنامەکانی بۆ کوبا، دەیەوێت شەپۆلی نامۆ لە دەوروبەری خۆی نەهێڵێتەوە. ئەو بەشانەی جیهان کە توانای دروستکردنی شەپۆلیان نییە، وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تا ڕادەیەک ئەفریقا، دەبنە شوێنی بەریەککەوتنی شەپۆلەکان. بەریەککەوتنی شەپۆلەکانیش واتای دروستبوونی ئاڵۆزی و پشێوییە.
دوورەپەرێزبوونی ئورووپا لە زۆربەی پێشهات و ڕووداوەکاندا پێمان دەڵێت پاشهاتەکان و ئەنجامەکان لە قازانجی ئورووپا ناشکێنەوە. سیاسەتی کۆنەپارێزانە و کۆلۆنیالیستانەی ئورووپاش وا دەکات ئەم یەکێتییە لە ئاڵوگۆڕەکاندا زۆر دەستکراوە نەبێت. لە ڕاستیدا کاکڵەی یەکێتیی ئورووپا لە نێوان نۆرماتیڤ پاوەر (Normative Power) بوون و نۆرماڵ پاوەر (Normal Power) بووندا حاسی بووە. پڕۆسەی فراوانبوونەوەی یەکێتی لە هەندێک بوارەوە، لەم دوو ڕەهەندەدا تووشی شکست بووە؛ وەک بەئەنداموەرگرتنی هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئورووپا و هەروەها پەلکێشانی بۆ ئاسیا و قەوقاز، بەبێ ئەوەی وەک هێزێکی نۆرماڵ دەربکەوێت.
بەڵام لە ئارێشەی هەنووکەیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بۆچی هێندە پەسیڤە؟ لە کاتێکدا پاش هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین و بڕانی گاز و نەوتی ڕووسیە بۆ ئورووپا، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پاڵپشتیی بێوێنەی ئابووری و خزمەتگوزاریی ئورووپا بووە. ئەم ڕۆژانەش بەهۆی گیروگرفت لە ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئورووپا دوو هێندەی دیکە کەوتە بەر تەنگانە. ئایا هێژمۆنی ئەمریکا بە زیانی خۆی دەبینێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو داوایەی ترامپ بۆ بەدەستەوەگرتنی گرینلەند هەیەتی؟ ئایا هەڕەشە و ڕەفتاری ترامپ بۆ گوشارخستنە سەر ئورووپا، بەتایبەتی هاتنەدەر لە ناتۆ، هاوسەنگییەکەی تەواو تێکداوە؟ ئایا تێکچوونی دۆخی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دروستبوونەوەی ڕۆژهەڵاتێکی نێوەڕاستی دێموکراتیک و نۆرماڵ، پۆزیسیۆن و ڕەوایی ئەو پێناسەیەی ئورووپا بۆ خۆی هەیەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە؟
لە زۆر بوارەوە دەکرێ وەڵامی ئەم پرسیارانە بدرێتەوە، بەڵام ئەوەی وەڵامەکەی لێڵە، داهاتووی یەکێتیی ئورووپایە لە گێژاوی گۆڕانی نەزمی سیاسیی ناوچەکە و پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، لە ئەگەری بەردەوامیی سیاسەتی "نیومێرکانتلیزم"ی ترامپیدا.