کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: ئورووپا بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێران پشتیوان بێت

18:33 - 27 خاکەلێوه 2726

دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێجشەممە ٢٧ی خاکەلێوە، کاک مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بینای پارلەمانی بێلژیک لەلایەن بەڕێز پۆل مەنیێت Paul Magnette سەرۆکی حیزبی سۆسیالیستی بێلژیک پێشوازیی لێ کرا.

لەم دیدارەدا سەرەتا بەڕێز هیجری باسێکی لەسەر دواپێشهاتەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەت ئێران کرد.

بەڕێزیان وتی: ''ئێران هەرچەند لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی و سەربازییدا لەوپەڕی  لاوازیدایە بەڵام لە سەرکوت و ئێعدامی خەڵکی ئێران و کوردستان هەروەها لە هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر بنکە و شوێنە مەدەنییەکانمان لە هەرێمی کوردستان، کارایە و ئێمە لەم هەلومەرجەدا چاوەڕوانیمان لە وڵاتانی ئورووپایی و بەتایبەت حیزبە پێشکەوتوویەکانیان ئەوەیە کە پشتیوانی حیزبەکانی کوردستان بن''.

کاک مستەفا لە درێژەدا وتی: ''پێمانوایە ئێران ئەگەر بەلاوازییش بمێنێتەوە درێژەدەری تێرۆریزم لە دەرەوەی وڵات دەبێ چونکە بناغەی دەسەڵاتدارییەکەی لەسەر ئیدئۆلۆژی توندڕەوی و خولقاندنی قەیران دامەزراوە و ئاکامی کردەوە و سیاسەتەکانیشی بووەتە هۆی ئەوەی سەروەت و سامانی ئێران بۆ هەناردەکردنی تێرۆر و هێزە نیابەتییەکان سەرف بکرێت. بێگومان هەتا ئێستاش ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیەکی بەهێزە لەسەر ئەمنییەتی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە.

 ناوبراو وتی: ''ئێمە لەم ساڵانەی تەمەنی ڕێژیمی ئێراندا شایەتی ئەوە بووین ئەمریکا و ئورووپا بەجیددی ڕووبەڕووی نەبوونەتەوە، بەڵام ئێستە پێدەچێت بەسەر ئەم سیاسەتەدا چووبێتنەوە.''

هەروەها سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات ڕایگەیاند: ''ڕێگەی چارەسەری ئارامیی بۆ ئێران و ناوچەکە ئەوەیە ئورووپا بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمە کە خواستی زۆربەی خەڵکە پشتیوان بێ.''

بەڕێز لەسەر گرینگیی هاوپەیمانی و هاودەنگیی ئاماژەی بە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ و هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کرد و وتی: ''پێویستە ئەم یەکگرتوویە لەگەڵ ئوپۆزیسیۆنی تری ئێرانیش هەبێ و گرینگە ئورووپا هاوکاری بکات بۆ ڕێکخستنی ئەم مەجالە بۆ نموونە دانیشتنی دوێنێی پارلەمان کە هەوڵێکی جیددی و دروست بوو لەم بوارەدا.''

بەڕێز پۆل مەنیێت سەرۆکی حیزبی سۆسیالیستی بێلژیک بەخێرهاتنی ئەو سەردانەی کاک مستەفا هیجری کرد و ئاماژەی بە هەوڵەکانی حیزبەکەی دا بۆ ئەوەی بتوانن لە دروستکردنی هاودەنگیی بۆ ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی هاوکاریی پێویست بکەن و لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و درێژەی ئێعدامکردنی زیندانییانی سیاسی نیگەرانی خۆی دەربڕی و هیوای خواست ئەم دیدار و دانیشتنانە بۆ ڕێکخستنی پتری هاوکارییەکان بەردەوام بێت.