ئاماژە: کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی پاڕلمانی ئورووپا بەڕێوە چوو؛ دۆخی سیاسیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئامانجی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی شی کردەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی خاکەلێوە بە بەشداریی دانیێل ئەتارد، جێگری نێردەی دەرەوەی پاڕلەمانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ کاروباری ئێران؛ خاتوو ئەوین ئینجە، ئەندام پاڕلمانی یەکیەتیی ئورووپا و هەروەها کۆمەڵێک لە پارلمانتارەکانی حیزبە سۆسیالیستەکانی یەکیەتیی ئورووپا و سۆسیال دێموکراتەکانی یەکیەتیی ئورووپا بەڕێوە چوو. لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبی تەزامنی دێموکراتیکی ئەهواز و حیزبی خەڵکی بەلووچستان وتاریان پێشکێش کرد.
دەقی قسەکانی کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەو کۆبوونەوەیەدا:
بەڕێزان!
ئەندامانی پارلمان و بەشداربووانی هێژا!
سەرەتا سپاس و پێزانینمان دەردەبڕین بۆ ڕێکخەرانی ئەم کۆبوونەوەیە کە دەرفەتێکی گرنگیان بۆ نوێنەرانی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران ڕەخساندووە. ئەوانەی هێندێک جار بە "کەمینە" ناویان دەبەن.
بەڵام لە ڕاستیدا لەسەر زێد و هەرێمی خۆیان زۆرینەن و خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو ناوچانەن. ئێران تەنیا یەک نەتەوە نییە؛ بەڵکوو کۆیەکە لە چەندین نەتەوە و ناسنامەی جیاواز کە پێکەوە لە چوارچێوەی جوغرافیای سیاسیی ئێراندا جێگایان گرتووە .ئەمڕۆ لێرەدا نوێنەرانی ئەم نەتەوانە ئامادەن تا بیر و بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە پەڕینەوە بۆ ئێرانێکی دیمۆکراتیک، فیدراڵ و سێکۆلار بخەنە ڕوو .
بەرێزان!
تەنها چاوێک بە بەشداربوواندا بخشێنن: دەردەکەوێت ئێران وڵاتێک نییە کە تەنیا یەکزمان، یەک کولتوور، یەک مێژو و و یەک ناسنامەی هەبێت. بەڵام لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی ئێرانەوە، ئەم ناسنامانە چەوساونەتەوە و لەژێر سێبەری پاوانخوازییەکی تاکەنەتەوەییدا ماوەتەوە .
لە ڕوانگەی ئێمەی کوردستانی و بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، پەڕینەوە بۆ دێموکراسی لە ئێراندا هەرگیز بە تەواوی نایەتە دی تا ئەوکاتەی هەموو ئەو ناسنامانە بەفەرمی نەناسرێن. ئەم فرەییە ناتوانرێت تەنها بە "مافی کەمینە" یان "مافی هاوڵاتیبوون" جێبەجێ بکرێت. دەبێت ناسنامەی نەتەوەییی هەموو نەتەوەکان بە فەرمی بناسرێت .
نەتەوە بندەستەکان لە خەباتی خۆیان بەردەوامن، بەڵام ئەم خەباتە پێویستی بە تێگەیشتن و یارمەتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێت جارێکی تر یارمەتیدەری دروستبوونەوەی دەوڵەتێکی پاوانخواز و ناوەندی بێت لە ئێران .
ئێمە لە کوردستان، لە چوارچێوەی "هاوپەیمانیی هێزەکانی ئۆپۆزیسیونی کوردستانی ئێراندا" خۆما ن ڕێکخستووە و بەردەوام دەبین لە خەبات بۆ بەدەسهێنانی مافە نەتەوەییەکانمان . لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوەش کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵمان پێک هێناوە بۆ ئەوەی سیمایەکی ڕاستەقینە و جیاواز لە ئێران پیشان بدەین. سیمایەک کە فرەنەتەوەیی و فرەکولتووریی ئەم وڵاتە دەخاتە بەرچاو .
بەڵام لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هێشتا سیمای ساختەی "ئێرانی یەک نەتەوە و یەک زمان" زاڵە، کە تەنیا پەرە بە هەڵاواردن و فەڕق و جیاوازی دەدات. بۆیە هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە بەدی نایەت ئەگەر ئەم پاوانخوازییە کۆتایی پێ نەیەت .لەنێو هێندێک لایەنی ئۆپۆزیسیونی ئێرانیشدا هەوڵێک هەیە بۆ دووبارەکردنەوەی جۆرێکی دیکە لەم پاوانخوازییە لە دوای کۆماری ئیسلامی. ئێمە وەک حیزبی دێموکرات، بۆ ماوەی هەشتا ساڵ و بەتایبەتی دوای بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرەنگاری ئەم هەوڵە نوێیە بووینەتەوە .
گۆڕان لە ئێران پێویستی بە بەرەیەکی هەمەڕەنگ هەیە کە هەموو ناسنامەکان خۆیانی تێدا ببیننەوە. ئەگینا، دیسانەوە دەسەڵاتێکی دیکە وەک کۆماری ئیسلامی سەرهەڵدەدات و دەبێتە سەرچاوەی کێشە بۆ هەموو جیهان .سەرچاوەی سەرەکیی زۆریەک لە کێشەکانی ئێران پاوانخوازیی کۆنترۆڵنەکراوە. ئەم پاوانخوازییەش کۆنترۆڵ ناکرێت ئەگەر ناسنامە جیاوازەکان بە فەرمی نەناسرێن و دەسەڵات نەگەڕێتەوە بۆ دەستی دەوڵەتێکی مەدەنی کە دەوڵەتی نەتەوەیەک نەبێ، بەڵکوو ڕێکخەری پێوەندییەکانی ئەو نەتەوانە بێت .
لە کۆتاییدا، ئەم جۆرە کۆبوونەوانە دەتوانن سەرەتایەک بن بۆ بینینی ڕاستیی ئێران وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەناسنامە. سپاستان دەکەین .