کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی دڵسۆز و نیشتمانپەرەور لە مەهاباد

11:39 - 28 خاکەلێوه 2726

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی، حاجی موتەللیب وەهاب‌پوور باوکی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕی دێرین و کاریکاتێریستی خاوەن ئەزموونی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات مامۆستا سامڕەند وەهابپوور و خاڵی کادری تێکۆشەری خاوەن ڕابردووی حیزبەکەمان مامۆستا حەسەن‌ ئەهوەن، لە تەمەنی ٩٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

 حاجی موتەللیب یەکێک لە کەسایەتییە دڵسۆزەکان و مرۆڤێکی دڵ پڕ لە ئەوینی کوردایەتی و دادوەرێکی خاوەن ئەزموون و عادڵ بوو.

 حاجی موتەللیب سەردەمی کۆماری کوردستان لە ڕیزی ئەو لاوە چالاک و باوەڕپێکراوانەی کورد بوو کە بە ئازایەتییەوە ئەرکی پێسپێردراوی  کۆماری بەجێ گەیاندووە.

دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی ئەو زەمان پێوەندیی تەشکیلاتیی بە حیزب و  تێکۆشەرانەوە ڕادەگرێ. ناوبراو هەروەها لە دەرفەتە جیا جیاکاندا بە گوێرەی توانا لە بواری ماددی و مەعنەوییەوە پاڵپشتیی لە جووڵانەوەی باشووری کوردستان کردووە.

ناوبراو پاش ماوەیەک ڕوو دەکاتە زانکۆ و لیسانسی یاسا و ئیلاهیات لە زانکۆی تاران بەدەست دێنێت. حاجی موتەللیب ماوەی ٣٠ ساڵ وەک یاساناس و دادوەرێکی خاوەن بڕیار و مافپەروەرێکی بە بەزەیی هەوڵی چارەسەری گرفتەکانی کۆمەڵگەی دا.

ئاستی بەرزی ڕۆشنبیری و پەروەردەی کوردانەی حاجی موتەللیب بووە هۆی ئەوەی کە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی و ئاشکرا بوونی خەباتی حیزب، کاک سامڕەندی کوڕی و مامۆستا ئەهوەنی خوشکەزای ڕوو دەکەنە شۆڕش و لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا دەست بە تێکۆشان دەکەن. لە ماوەی دەیان ساڵ خەبات و پێشمەرگایەتییان دا حاجی موتەللیب پشتگیر و پشتیوانیان بوو و هانی دان بۆ سوور بوون لە سەر ڕێبازی خەبات.

 حاجی موتەللیبی ئازیز تا دوا ساتەکانی ژیان دڵسۆزی بزووتنەوەی کوردایەتی و حیزبی دیموکراتی کوردستان مایەوە و ئاواتی ڕزگاریی نیشتمان و گەلەمان بوو، بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا ئاواتە لە مێژینەکانی بێنە دیی و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.