کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: لە ئەگەری ڕێکنەکەوتن شەڕ دەست پێ دەکاتەوە

11:43 - 28 خاکەلێوه 2726

دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند لە ئەگەری ئەوەیکە لەگەڵ ئێران بە ڕێککەوتن نەگەن، پێکدادانەکان جارێکی دیکە دەست پێ دەکەنەوە.

ناوبراو لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێران لە کۆشکی سپی وتی ئێران لەگەڵ ڕادەستکردنی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی ڕەزامەندی دەربڕیوە و لایەنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەش حەوتوو پێکدادان لە ڕێککەوتن نزیک بوونەتەوە.

ترامپ زیادی کرد کە کۆبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ تاوتوێکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی ئەم حەوتوویە بەڕێوە بچێت و ئەگەری بەشداریی خودی ئەویش لەم دانوستانانەدا هەیە.

ناوبراو ئاماژەی بە ڕەوتی دانوستانەکان کرد و ڕایگەیاند ئەوان رازی بوون شتێک کە من ناوی دەنێم تۆزی ئەتۆمی ڕادەستمان بکەن هەروەها جەختی کردەوە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن زۆرە و وتی ئێران نەک هەر هەموو شتێک بەڵکوو لەگەڵ زۆربەی داواکارییەکان ڕازی بووە.

ترامپ لە بەردەوامی قسەکانیدا جارێکی دیکە جەختی لە دژایەتی خۆی بۆ دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی کردەوە و بەرپرسانی ئێرانی لەم گفتوگۆیانەدا بە ژیرانە وەسف کرد.