بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات، لە دوو شەوی ڕابردوودا سپای پاسداران لە شاری پیرانشار دەستی کردووە بە گوشار خستنە سەر هاووڵاتیان و کاسبکارانی شارەکە بە تایبەت ئەو کەسانەی کە ماشینی جۆری شاسیبڵندی وەک تۆیۆتا و نیسانیان پێیە.
سپای پاسداران داوای لەو هاووڵاتیانە کردووە کە شەوانە ماشینەکانیان بهێنن و بە هەڵگرتنی ئاڵای کۆماری ئیسلامی لە نێو شەقامەکانی شاردا مانۆڕ بدەن و کەشێکی سەربازی و پڕوپاگەندەیی دروست بکەن.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو کەسانەی کە نەیانویستووە بەشداری ئەو مانۆڕە بن و داواکەیان ڕەت کردووەتەوە لە لایەن ئیتلاعاتی سپاوە بانگ کراون و هەڕەشەی جیددییان لێ کراوە ئەگەر هاوکاریی نەکەن ڕێگری لە کار و کاسبییان دەکەن.
ئەم جۆرە گوشارانە لە کاتێکدایە کە ڕێژیم بۆ نیشاندانی دۆخێکی ئاسایی و مانۆڕی هێز لە شارە کوردییەکان پەنا دەبەنە بەر ناچارکردنی خەڵکی مەدەنی و کەڵک وەرگرتن لە دارایی و ماشینی هاووڵاتیان بۆ مەرامە سیاسییەکانی خۆیان.