کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی یەکەی تایبەتی "فاتحین''ی سپای پاسداران کوژرا

17:37 - 13 خاکەلێوه 2726

"محەممەدعەلی فەتحعەلی‌زادە"، سەرتیپی سپا و فەرماندەی یەکەی تایبەتی "فاتحین"ی سپای پاسداران، لە هێرشە ئاسمانییەکاندا کوژرا.

هەواڵدەریی "دیفاع مۆقەدەس"ی سەر بە وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامی، بێ ئەوەی ئاماژە بە شوێن و چۆنیەتیی کوژرانی ئەم فەرماندە پلەبەرزەی سپا بکات، ڕایگەیاند کە ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خاکەلێوە کوژراوە.

فەتحعەلی‌زادە کە لە خاکەلێوەی ١٤٠٤دا وەک فەرماندەی یەکەی فاتحین دەستنیشان کرابوو، ناوەکەی چووە ڕیزی ئەو لیستە درێژەی فەرماندە و بەرپرسانی ڕێژیم کە لە پێنج حەفتەی ڕابردوودا لە هێرشە ئامانجدارەکانی ئیسرائیل و ئەمریکادا کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیا بیانییەکان، تەنیا لە ڕۆژی یەکەمی هێرشەکاندا زیاتر لە ٤٠ بەرپرس و فەرماندەی پەلەبەرز لەگەڵ عەلی خامنەیی لەنێو "بەیتی ڕێبەر"دا کوژران.

یەکەی تایبەتی "فاتحین" یەکێک لە یەکە سەرەکییەکانی ژێر چاودێریی سپای پاسدارانە و وەک "یەکەی تایبەتی هێزی بەسیج" ناسراوە. ئەندامانی ئەم یەکەیە مەشقی سەربازیی زۆر قورستر لە بەسیجی ئاسایی دەبینن و پێشتر لە شەڕی نێوخۆیی سووریە و هەروەها لە سەرکوتی خوێناویی ڕاپەڕینەکانی ساڵانی ڕابردوو، بەتایبەت پاییزی ١٤٠١ و بەفرانبار ١٤٠٤، ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە.

جێی وەبێرهێنانەوەیە کە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، لە سەروبەندی سەرکوتی ڕاپەڕینی ١٤٠١دا لە دیدارێکدا لەگەڵ هێزەکانی فاتحین دەستخۆشیی لێ کردبوون و پێی گوتبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕازییاندا "بە باشی درەوشاونەتەوە".

 ئێستا بە کوژرانی فەرماندەی ئەم یەکەیە، یەکێکی دیکە لە دەستە سەرەکییەکانی سەرکوت لە پێکهاتەی سپای پاسداران تێک شکاوە.