ئیسرائیل و لوبنان لەسەر ئاگربەستێکی ١٠ ڕۆژە ڕێککەوتن کە تێیدا ئیسرائیل مافی "بەرگری لەخۆ" و ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لە دژی هەر هەڕەشەیەکی ئەگەری بۆ خۆی پاراستووە ئەم ڕێککەوتنە لە ئەگەری سەرکەوتنی دانوستانەکاندا دەکرێت درێژ بکرێتەوە.
بێنیامین نەتانیاهوو ئەم هەنگاوەی وەک دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی مێژوویی وەسف کردووە لە بەرامبەردا لوبنان پێبەند بووە بە گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی بۆ ڕێگری لە هێرشەکانی حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکان و دابینکردنی ئەمنییەتی نێوخۆی وڵاتەکەشی بە هێزە فەرمییەکانی خۆی سپاردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل ڕێگەی پێدراوە لە دژی هەڕەشە پلان بۆ داڕێژراوەکان کاردانەوەی هەبێت، حیزبوڵڵاش وێڕای پێشوازیکردن لە ئاگربەستەکە جەخت دەکاتەوە کە دەبێت هێرشەکان بەتەواوی ڕابگیرێن و جووڵە سەربازییەکانی ئیسرائیل سنووردار بکرێن، بەردەوامیی ئەم دۆخەش بەندە بە ئاستی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان لە لایەن هەردوو لایەنەوە.