کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی باڵای ئیمارات: وڵاتانی کەنداو ئێران بە دوژمنی سەرەکی خۆیان دەزانن

15:54 - 28 خاکەلێوه 2726

ئەنوەر قەرقاش ڕاوێژکاری سەرۆکی ئیمارات لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە وڵاتانی کەنداو ڕوانگەیەکی جیاوازیان بۆ ڕێژیمی ئێران هەیە و ئەو ڕێژیمە وەک دوژمنی سەرەکی خۆیان دەبینن چونکە بە هەزاران مووشەک و دڕۆن هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکەیان و متمانەیان پێی نەماوە.

لە کاتی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا کۆماری ئیسلامی هێرشی بەرفراوانی مووشەکی و دڕۆنی کردە سەر وڵاتانی ئیمارات و عەرەبستان و بەحرەین و قەتەر و کوەیت بەو تۆمەتەی کە خاکی خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران داوەتە ئەمریکا، بەڵام ئەو وڵاتانە ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە.

ئیمارات دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکەی دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە بە وردی چاودێری ڕێککەوتنەکە دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی ڕێژیمی ئێران کۆتایی بە هەموو کردەوە دوژمنکارانەکانی لە ناوچەکەدا دەهێنێت و بە بێ مەرج گەرووی هورمز دەکاتەوە.

بە پێی بەیاننامەی فەرمی ئیمارات تەنیا لە ٤٠ ڕۆژی ڕابردوودا ئێران بە ٢ هەزار و ٨١٩ مووشەکی بالستیک و کروز و دڕۆن ژێرخانەکان و دامەزراوەکانی وزە و ناوچە مەدەنییەکانی ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانج و زیانی گیانی و ماددی زۆری لێ کەوتووەتەوە.