کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: دیپلۆماسیی بێدەنگ لەگەڵ ئەم ڕێژێمەدا مەکەن، چونکە شەرعییەتی دەداتێ

17:49 - 28 خاکەلێوه 2726

ئاماژە:

کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی سەردانە دیپلۆماسییەکەی بۆ ئورووپادا چووە ئیسپانیا و لە کۆبوونەوەی «هاوپەیمانیی پێشکەوتنخواز» (Progressive Alliance) لە بارسێلۆنا بەشدار بوو. لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە بەشداریی دەیان سەرۆک‌وەزیری وڵاتانی ئورووپایی، سەرۆکی حیزبە ئورووپاییەکان،  سۆسیال دێموکراتەکانی ئورووپا، چالاکانی سیاسی و مەدەنی نوێنەرانی سەندیکاکان، ڕۆژنامەنووسان و توێژەران و نووسەران و نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکان لە گۆشە و کەناری جیهان پێک‌هاتبوو، سکرتێری گشتیی حیزب وتارێکی پێشکێش کرد.

ئەمە دەقی وتاری سکرتێری گشتیی حیزبە لەم کۆبوونەوەیەدا:

 

دۆستانی ئازیز، هەڤاڵانی خۆشەویست!

سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. جێگەی شانازییە کە لە بەردەم کۆبوونەوەیەکی پێشکەوتنخوازانەدا وەستاوم کە دەزانن خەبات بۆ دێموکراسی لە وڵاتێکدا، خەباتە بۆ دێموکراسی لە هەموو شوێنێک.

من سڵاوی کوردانی ئێرانم بۆ هێناون. نەتەوەیەک کە نزیکەی نیو سەدەیە بەرەنگاری دیکتاتۆری بووەتەوە و لە پێشەنگی خەبات بۆ دێموکراسی لە ئێراندا بووە.

هاوڕێیان!

جیهان بە زمانی دۆسیە ئەتۆمییەکان و نرخی نەوت باسی ئێران دەکات. بە دەگمەن باس لە کورد، بەلووچ، عەرەبەکانی ئەهواز، ژنانی زیندانی ئیڤین، ئەو کرێکارانەی مانگرتنەکانیان تێکدەشکێندرێت، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان، یان کۆمەڵکوژیی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز دەکات.

ئێران بۆ هاووڵاتیانی خۆی زیندانێکی پڕ لە ئەشکەنجەیە، ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهان بەبێ دێموکراسی لە ئێرانی داهاتوودا مەحاڵە. ناسینی ئەم ڕاستییە دەبێت لە پێشەوەی کارەکانی هێزە پێشکەوتنخوازەکانی جیهاندا بێت.

لە کاتێکدا کە شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا خەریکە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە، مەترسی بۆ سەر حیزبەکەمان، حیزبی دێموکرات و گەلی کورد هەرگیز هێندەی ئێستا نەبووە. ئێمە نەک هەر لەلایەن ڕێژێمی ئێرانەوە، بەڵکوو لەلایەن گروپە پرۆکسییەکانی ئێرانیشەوە بەرەوڕووی هەڕەشە دەبینەوە و مەترسیی گەورەیان لەسەر دروست کردووین.

لە کۆتایی مانگی فێورییەوە، ئێران زیاتر لە ١٠٠ جار بە مووشەکی بالیستیک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر حیزبەکەمان. هێرشەکان بۆ سەر کەمپەکانی حیزبەکەمان نەخۆشخانە، قوتابخانە، ماڵی مەدەنی و سەرچاوەکانی ئاو و کارەبایان کردووەتە ئامانج. لە گەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە داهاتووی هەموو نەتەوە جیاوازەکانی ئێران بخەینە چەق و ناوەندی گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکانەوە، پێش ئەوەی ئەوانی تر بەبێ ئێمە بڕیار لەسەر چارەنووسمان بدەن.

بۆ ئەنجامدانی ئەمەش، دەبێت جێگرەوەیەک بۆ ڕێژێم پێشکەش بکەین. لە مانگی فێورییەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تری کورد، «هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران»مان دامەزراند. هەروەها خەریکی گفتوگۆین لەگەڵ گروپە سیاسییەکانی تری ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە گشتی. ئەمە بە هیوای بونیادنانی جێگرەوەیەکی دیموکراسی  کە شایستەی قوربانیدانی هەموو ئەو خەڵکەی ئێران بێت کە لەلایەن ئەم ڕێژێمەوە کوژراون، زیندانی کراون و ئەشکەنجە دراون. ئەمە گرنگترین ئەرکی ئێمەیە و ئێوەش هەمووتان دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لەم پرۆسەیەدا بگێڕن.

ئێمە نەهاتووین داوای خێر بکەین. ئێمە داوای هاوپشتی دەکەین، لەو جۆرەی کە ڕۆژێک پێشکەوتنخوازەکان پێشکەشی «کۆنگرەی نیشتمانیی ئەفریقا" (ANC)یان کرد لە باشووری ئەفریقا، بە ئەنجامدانی ئەم سێ کارە بە شێوەیەکی کۆنکرێت:

یەکەم، ناساندنی سیاسی: دەنگی ئێمە لە پەرلەمانەکانتان، لە پەرلەمانی ئووروپا و لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرز بکەنەوە. بپرسن: ئەی کوردەکان چییان لێ هات؟ ئەی زیندانیانی سیاسی؟ ئەی لەسێدارەدانەکان؟ دیپلۆماسیی بێدەنگ لەگەڵ ئەم ڕێژێمەدا مەکەن، چونکە ئەمە تەنها خزمەت بە ڕێژێم دەکات و شەرعییەتی پێ دەبەخشێت.

دووەم: داوای لێپرسینەوە بکەن لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر پەنابەرانی سیاسیی کورد لە کوردستانی عێراق. ئەمانە تاوانی جەنگن دژی ئەو کەسانەی لەژێر پاراستنی نێودەوڵەتیدان. پارتەکانی ئێوە دەتوانن پڕۆژەبڕیار بجوڵێنن.حکومەتەکانتان دەتوانن باجی قورس بخەنە سەر ڕێژێم.

سێیەم، هاوبەشی: بانگهێشتمان بکەن بۆ نێو کارە سیاسییەکانتان سەبارەت بە ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گواستنەوە دیموکراسییەکان. شارەزایی و ئەزموونەکانتان لەگەڵ حیزبەکەمان و ئەندامە گەنجەکانماندا بەش بکەن. بانگهێشتی شارەزایانی ئێمە بکەن لە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ئێران. میوانداریی چالاکوانەکانمان بکەن. دەنگی ئێمە وەربگێڕن. مامەڵە لەگەڵ (PDKI) مەکەن وەک دۆزێکی دوورەدەست، بەڵکوو وەک ئەوەی کە هەین بیبینن: حیزبی دەستەخوشکتان، حیزبێکی سۆسیال دێموکرات بە مێژوویەکی هەشتا ساڵەوەیە، کە هەمان ئەو خەباتە دەکات کە ئێوە دەیکەن، تەنها لەسەر زەوییەکی سەختتر.

کۆماری ئیسلامی هەر دەڕووخێت. تەنها پرسیارەکە ئەوەیە کەی دەڕووخێت و چی لە شوێنی دادەمەزرێت. یارمەتیمان بدەن دڵنیابین لەوەی ئەوەی دادەمەزرێ دێموکراسی، فیدراڵ و پلۆرالیست بێت؛ نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکوو بۆ هەموو ئێرانییەکان و بۆ ناوچەکەش.

سوپاس!

ژن، ژیان، ئازادی.