ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی هێرشەکانی بۆ سەر کەمپی بنەماڵە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکرات جارێکی دیکە بە دڕۆن کەمپی ''گردەچاڵ''ـی لە نیزیک هەولێر کردە ئامانج.
کاتژمێر ١٠:٢٥ شەوی هەینی ٢٨ی خاکەلێوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دڕۆنێک هێرشی کردووەتە سەر بنکەی بنەماڵەکانی حیزب لە گردەچاڵ لە نیزیک هەولێر.
هێرشی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدایە کە دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، ٢٨ی خاکەلێوە، بە دڕۆن و مووشەک هێرشی کردەوە سەر کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. بەو هۆیەوە باوک و کوڕێک شەهید و بریندار بوون. لەو پەلامارەدا شاهین ئازەربەرزین، شەهید بووە و نادر ئازەربەرزین، باوکی شاهین بە توندی بریندار بووە.
هەروەها لە هێرشێکی دیکە بۆ سەر پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزب دوو پێشمەرگەی کچ بە ناوەکانی نەدا میری و سەمیرا ئەڵڵایاری شەهید و چەند پێشمەرگەیەکی دیکە بریندار بوون.
هەروەها شەوی پێنجشەممە، ٢٧ی خاکەلێوە، ڕێژیمی ئێران بە دوو دڕۆن نزیک کەمپی ئازادیی، شوێنی نیشتەجیبوونی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی لە نیزیک کۆیە کردبووە ئامانج.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەستپێکی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەتا ئێستا بە زیاتر لە ١١٦ مووشەک و دڕۆن کەمپی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنکە دەرمانی و پەروەردەییەکانی ئەم حیزبەی بە ئامانج گرتووە.