کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: تا چوارشەممە ڕێک نەکەوین، ئاگربەست کۆتایی دێت

10:11 - 29 خاکەلێوه 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ئێوارەی هەینی ٢٨ی خاکەلێوە، هۆشداری دا کە ئەگەر تا ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن لەگەڵ ئێران بەدەست نەیەت، ئەگەری هەیە ئاگربەستی ئێستا لەگەڵ ئەو وڵاتە نوێ نەکرێتەوە.

ترامپ  لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا بە هەواڵنێرانی ڕایگەیاند: "ڕەنگە ئاگربەستەکە نوێ نەکەمەوە، بەڵام گەمارۆی ئابووری هەر بەردەوام دەبێت.".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکان، ناچار دەبین ئۆپەراسیۆنی بۆردومانکردن دەست پێ بکەینەوە.

سەرۆککۆماری ئەمریکا لە هەمان کاتدا باسی لە بوونی "هەواڵی تاڕادەیەک باش" کرد سەبارەت بە ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە ئێران، بەڵام ئامادە نەبوو وردەکاری زیاتر بخاتە ڕوو.

ترامپ هەروەها وتی: "نزیکەی ۲۰ خولەک لەمەوبەر هەواڵی زۆر باشمان پێگەیشت و وا دیارە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا بەباشی بەڕێوە دەچێت."

ترامپ جەختی کردەوە کە زۆربەی ئەو بابەتانەی گفتوگۆیان لەسەر کراوە "دانوستانیان لەسەر کراوە و ڕێککەوتنیان لەسەر دراوە" و هیوای دەربڕی کە ڕەوتی ئێستا بگاتە ئەنجامێکی ئەرێنی. ئەو لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەم گۆڕانکارییانە وتی: "بەم زووانە دەبیستن."