کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانیی "هاوپێوەندیی گشتگیر" هێرشی دڕۆنی بۆ سەر حیزبی دێموکراتی مەحکووم کرد

10:23 - 29 خاکەلێوه 2726

هاوپەیمانیی سیاسیی "هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەر لە ئێران"، لە بەیاننامەیەکدا بە توندی هێرشە درۆنییەکانی ئەمدواییەی بۆ سەر بنکە و کەمپەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان مەحکووم کرد.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ڕۆژی هەینی، ٢٦ی خاکەلێوە، تەنیا چەند ڕۆژ دوای هێرش بۆ سەر بنکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و شەهیدبوونی "غەزاڵ مەولان"، جارێکی دیکە کەمپی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات کرانە ئامانج. بەپێی زانیارییەکان، لەم هێرشەدا سێ کەس بە ناوەکانی "سەمیرا ئەڵڵایاری، نیدا میری و شاهین ئازەربەرین" گیانیان لەدەست داوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.

ئەم هاوپەیمانییە ئاماژە بەوە دەکات کە کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا باس لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان دەکات، کەچی لە مەیدانی کردوەدا بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکان و خەڵکی مەدەنی. ئەم هەنگاوانە وەک بەشێک لە سیاسەتی سەرکوتی دەرە سنوورییەکان و تیرۆری دەوڵەتی پێناسە کراون کە ئامانجیان تێکدانی تەناهی و سڕینەوەی جەستەیی نەیارانی سیاسییە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە هێرش بۆ سەر بنکەکانی حیزبەکانی کوردستان، پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراق و تێکدانی ئەمنییەتی هەرێمی کوردستانە. هەروەها بێدەنگیی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی بە هۆکارێک بۆ بەردەوامیی ئەم توندوتیژییانە ناو بردوە و داوای هەڵوێستی جیددی کردوە.

هاوپەیمانیی "هاوپێوەندیی گشتگیر" داوا لە حکوومەتی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە بە شێوەیەکی خێرا و رووب لێکۆڵینەوە لەم هێرشانە بکەن و ئەمنییەتی کەمپ و بنکە نیشتەجێبووەکان بپارێزن. لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەم هێرشانە نیشانەی ترسی دەسەڵاتە لە هێزە ڕێکخراوەکان کە لەسەر ئازادی و مافی دیاریکردنی چارەنووس سوورن.