کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئێران واز لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەهێنێت ڕووبەڕووی کاردانەوەی ئەمریکا دەبێتەوە

10:38 - 29 خاکەلێوه 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ٢٨ی خاکەلێوە، جەختی کردەوە کە هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری لەگەڵ ئێران، دەبێت بە تەواوی ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە بەرنامەی چەکە ئەتۆمییەکەی ئەو  ئەو رێژیمە و هۆشداریشی دا کە لە ئەگەری پێکنەگەیشتن بە ڕێککەوتن، واشینگتۆن دەست بە هەنگاوی کردەیی دەکات.

ترامپ لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ هەواڵنێران لەنێو فڕۆکە وتی: "خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە ئێران نابێت هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات. ئەم بابەتە لە پێشینەی هەموو پرسەکانی دیکەدایە."

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە پرسی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست بەرزی ئێران کرد و ئیدیعای ئەوەی کرد کە لە ئەگەری بەدیهاتنی ڕێککەوتن، ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەو ماددانە وەردەگرێتەوە. بە وتەی ترامپ، ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی دانوستان و ڕێککەوتنی هاوبەشەوە ئەنجام دەدرێت.

سەرۆککۆماری ئەمریکا لە هەمان کاتدا هۆشداری دا کە لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکان، واشینگتۆن بە شێوەیەکی "نا دۆستانە" دەست بەسەر ئەو ماددانەدا دەگرێت.

ئەو هەروەها وتی: "ئەگەر لە ڕێگەی ڕێککەوتنەوە نەگەینە ئەنجام، بە شێوەیەکی دیکە بەدەستی دەهێنین، بەڵام لە هەر بارودۆخێکدا بێت ئەمە هەر ڕوو دەدات."