کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم: ئۆرانیۆمی ئێران لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا ناگوازرێتەوە

10:41 - 29 خاکەلێوه 2726

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئەم وڵاتە بە هیچ شێوەیەک و لەژێر هیچ بارودۆخێکدا بۆ دەرەوە ناگوازرێتەوە.

بەقایی لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی ئێران جەختی کردەوە: "گواستنەوەی ئۆرانیۆم بۆ ئەمریکا وەک بژاردەیەک باس نەکراوە. ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران هێندەی خاکی ئێران بۆ ئێمە پیرۆزە و لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا بۆ هیچ شوێنێک ناگوازرێتەوە."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە پێشتر دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ئیدیعای ئەوەی کردبوو کە تاران لەسەر هەموو شتێک ڕازی بووە، لەوانە بردنە دەرەوەی ئۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران؛ کە ئێستا لەلایەن بەرپرسانی ئێرانییەوە ڕەت دەکرێتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوە هەروەها ئاماژەی بە ڕەوتی دانوستانەکان کرد و وتی: "هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان بۆ ئێمە گرینگییەکی زۆری هەیە و قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بەر ئێران کەوتوون لە لەپێشەوەترین کارەکانمانە."

ئەم هەڵوێستە لە بارودۆخێکدا دەردەبڕدرێت کە دانستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ هێشتا بەردەوامن و ناکۆکییەکان لەسەر پرسە سەرەکییەکان، لەوانە بەرنامەی ناوەکی و گەمارۆکان، وەک خۆیان ماونەتەوە.