محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی دەوروبەری گەرووی هۆرمۆز هۆشداری دا.
قاڵیباف لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئیکس" نووسیویەتی: "بە ببەردەوامبوونی گەمارۆکان، گەرووی هۆرمۆز" بە کراوەیی نامێنێتەوە.
ئەم لێدوانانە وەک وڵامێک بۆ قسەکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا هات کە ڕایگەیاندبوو گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران تا گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی بەردەوام دەبێت.
پێشتر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو کە گەرووی هۆرمۆز تا کۆتایی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بۆ هەموو کەشتییە بازرگانییەکان کراوە دەبێت؛ هەڵوێستێک کە لە نێوخۆی ئێراندا ڕووبەڕووی کاردانەوەی جیاواز بووەوە.
قاڵیباف بە جەختکردنەوە لەسەر کۆنترۆڵی ئێران بەسەر ئەم ڕێڕەوە هەستیارەدا، ڕایگەیاند کە هاتوچۆ لە گەرووی هۆرمۆزدا تەنیا لەسەر بنەمای "ڕێڕەوی دیاریکراو" و بە "مۆڵەتی ئێران" ئەنجام دەدرێت و وتیشی: "کراوەیی یان داخراوی گەرووەکە مەیدان دیاری دەکات، نەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان."
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدا دەردەبڕدرێت کە ناکۆکییە نێوخۆییەکان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی تەنگژەکان و پەیامە فەرمییەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە.