هەواڵدەریی "ئاسۆشێتدپرێس" لە زمانى سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە بڵاوی کردەوە، لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان تاران و واشینگتۆن، چین ئامادەیە پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست بەرزی ئێران وەربگرێت یان بەشداری بکات لە پرۆسەی دابەزاندنی ئاستی پیتاندنەکەیدا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئامانج لەم پێشنیارە کەمکردنەوەی گرژییەکان و ئاسانکارییە بۆ ڕەوتی دانوستانە ناوەکییەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لە حکومەتەکانی ئێران، چین یان ویلایەتە یەکگرتووەکان بە فەرمی ئەم بابەتەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە و ئەم پلانە هێشتا لە ئاستی ڕاوێژی دیپلۆماسیدا ماوەتەوە.
پێشتر دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ئیدیعای ئەوەی کردبوو کە کۆماری ئیسلامی لەسەر بردنە دەرەوەی ئۆرانیۆمە پیتێنراوەکان ڕازی بووە.
دوای چەند کاتژمێرێک، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بەو ئیدیعایە ڕایگەیاند: "ئۆرانیۆمە پیتێنراوەکان ناچن بۆ ئەمریکا"، هەرچەندە لێدوانەکەی ئەو بە ڕاشکاوی ئەسڵی بردنە دەرەوەی ئەو ماددانەی لە ئێران ڕەت نەکردەوە.
لەو بارودۆخەدا، هێنانە پێشەوەی بژاردەی چین وەک لایەنی سێیەم، دەکرێت نیشانەیەک بۆ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک لە بنبەستی ئێستادا بێت، بەتایبەت سەبارەت بە چارەنووسی نزیکەی ٥٠٠ کیلۆ لە ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران کە بووەتە یەکێک لە خاڵە هەستیارەکان لە دانوستانەکاندا.