کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵکشانی ٦٨ لەسەدی تێچووی خۆراک و زیادبوونی گوشاری بژێوی لە ئێران

12:50 - 29 خاکەلێوه 2726

ڕاپۆرتێکی مەیدانی کە لەلایەن ڕۆژنامەی "دنیای اقتصاد"ـەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لە زیادبوونی ٦٨ لەسەدی نرخی پێداویستییە خۆراکییەکان لە نێوان مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو تا مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ دەکات و جارێکی دیکە ناکارامەیی بەڕێوەبردنی ئابووری لە ئێران بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییان نیشان دەدات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، گەورەترین بازدانی مانگانەی نرخەکان لە مانگی بەفرانباردا هاوکات لەگەڵ بڕیاری ڕێژیم بۆ لابردنی دراوی پاڵپشتیکراو "ارز ترجیحی" بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلە بنەڕەتییەکان ڕوویداوە، سیاسەتێک کە بێ ڕێکاری پاڵپشتیی کاریگەر جێبەجێ کرا و شەپۆلێکی گرانیی خستە نێو بازاڕەوە.

ئەم هەنگاوە وەک یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناسەقامگیریی نرخەکان و توندبوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر چینە کەمداهاتەکان دادەنرێن.

لە نێوان کاڵا خۆراکییەکاندا، ڕۆنی گوڵە‌بەڕۆژە بە زیادبوونی ٣٦٦ لەسەد لە سەرووی لیستی هەڵاوسانەکەدایە. دوای ئەویش، کەلوپەلانی وەک گۆشتی مریشک، گۆشتی سوور و پەنیر زۆرترین گەشەی نرخەکانیان بەخۆیانەوە بینیوە؛ ئەمەش نیشانەی لاوازبوونی جیددیی سەبەتەی پرۆتینی خێزانەکانە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێستا خۆراکە بنەڕەتییەکان نزیکەی ٨٥ لەسەدی کەمترین داهاتی خێزانێک بە مووچەی پەسەندکراوی ساڵی ١٤٠٥ بۆ خۆیان دەبەن؛ بارودۆخێک کە بە ڕوونی باس لە کەلێنێکی قووڵ لە نێوان داهات و تێچوو و شکستی سیاستە ئابوورییەکان لە کۆنترۆڵکردنی هەڵاوساندا دەکات.