کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرگریی ئاسمانیی ئیمارات چەندین هێرشی مووشەکی و دڕۆنی پووچەڵ کردەوە

18:26 - 13 خاکەلێوه 2726

هێرشەکان و پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتانی ناوچە لەلایەن کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و وەزارەتی بەرگری ئیمارات باسی لە تێکشکانی ٤٥ مووشەک و دڕۆنی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خاکەلێوەدا کرد.

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە نوێکردنەوەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئیکس" ڕایگەیاند کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەم وڵاتە لە ماوەی ئەمڕۆدا توانیویانە ١٩ مووشەک و ٢٦ دڕۆنی ڕێژیمی ئێران تێک بشکێنن.

بەپێی ئەم بەیاننامەیە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکان لە ناوچەکەدا، بە کۆی گشتی ٤٥٧ مووشەک و ٢ هەزار و ٣٨ دڕۆن لەلایەن سیستمەکانی بەرگریی ئیماراتەوە ڕێگرییان لێکراوە و پووچەڵ کراونەتەوە؛ ئامارێک کە نیشانەی چڕیی هێرشەکان و لە هەمان کاتدا توانای بەرگریی ئەم وڵاتەیە.

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات هەروەها جەختی لە بەردەوامیی وشیاریی هێزە چەکدارەکان و ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەکی ئەگەری کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ڕێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی ئاسمانی و ئەمنییەتی نیشتمانیی وڵات بێ وەستان بەردەوام دەبێت.