کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران سنووردارکردنی گەرووی هۆرمۆزی دەست پێ کردەوە

12:53 - 29 خاکەلێوه 2726

لە دوای بەردەوامبوونی گوشارەکانی ئەمریکا، ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە سیاسەتی خۆی بەرامبەر بە کردنەوەی گەرووی هۆرمۆزی گۆڕیوە و جارێکی دیکە سنووردارکردنی ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییەی دەست پێ کردەوە.

قەرارگای ناوەندی خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاند: "کۆنترۆڵی گەرووی هۆرمۆز گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی پێشوو و ئەم ڕێڕەوە لە ژێر بەڕێوەبردن و چاوەدێریی وردی هێزە چەکدارەکان دایە."

ئەم دامەزراوەیە تێرۆریستییە هۆشداری دا کە تا ئەو کاتەی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە بەردەوام بێت، سنووردارکردنی هاتوچۆی دەریایی لەم ڕێڕەوە هەستیارەدا وەک خۆی دەمێنێتەوە.

پێشتر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، باسی لە کراوەیی گەرووەکە بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە ماوەی ئاگربەستدا کردبوو، بەڵام ئێستا سیاسەتێکی جیاواز لەلایەن دامەزراوە سەربازییەکانەوە ڕادەگەیەنرێت کە نیشانەی ناتەبایی و دووبەرەکی لە ئاستی باڵای سیاسەتەکانی ڕێژیمە.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، جەختی کردەوە کە گەمارۆی ئابووریی سەر ئێران تا کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر، لەوانە لە بواری بەرنامەی ئەتۆمیدا، "بە هەموو هێزێکەوە" بەردەوام دەبێت.

شیکەرەوەکان ئەم گۆڕانکارییە لە ڕەفتاردا بە نیشانەی سەرلێشێواوی و فرەدەنگی لە پێکهاتەی بڕیاردانی کۆماری ئیسلامیدا دەبینن؛ بارودۆخێک کە دەکرێت ببێتە هۆی زیاتربوونی ناسەقامگیری لە یەکێک لە گرینگترین ڕێڕەوەکانی وزەی جیهاندا.