لە درێژەی شەپۆلی سەرکوتەکان لە ئێران، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک دەستبەسەرکرانی ١٢٧ هاووڵاتیی لە پارێزگاکانی تەورێز، کرمان و مازەندەران بە تۆمەتی وەک "سیخوڕی بۆ ئەمریکا، ئیسرائیل و بریتانیا" و "هەوڵ بۆ تێکدانی ئەمنییەت" ڕاگەیاند.
بەپێی ئەو بەیاننامەیە، لە پارێزگای تەورێز ٧ کەس، لە مازەندەران ٦٩ کەس و لە پارێزگای کرمان ٥١ کەس دەستبەسەر کراون. هاوکات میدیاکانی ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی وێنەی لێڵ و "دانپێدانانی زۆرەملێ"، هەوڵی ڕەواییدان بەم شەپۆلە نوێیەی سەرکوت دەدەن.
لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هێرانا" ڕایگەیاند کە لە پارێزگای خووزستان ٢٢ کەس و لە پارێزگای گیلان ٧ کەس بە تۆمەتی هاوشێوە لەلایەن هیزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕیژیم دەستبەسەر کراون.
دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل، ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە سەرتاسەری ئێران گەیشتووەتە هەزاران کەس و کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ پچڕاندنی ئینتێرنێت و خێراکردنی پرۆسەی سێدارە، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی تۆمەتی وەک "نیشتمانفرۆشی"، کەشێکی ترس و تۆقاندن لە ئێران دروست بکات.