کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: خەباتی حیزبی دێموکرات لە پێناو مافەکان و کەرامەتی نەتەوەیی گەلەکەمان بەردەوامە

15:08 - 29 خاکەلێوه 2726

بەڕێز مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە پەیامێکدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سێ شەهیدی حیزبی دێموکرات کرد و جەختی لە بەردەوامیی خەبات بۆ پاراستنی کەرامەتی نەتەوەیی گەلی کورد کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

لە درێژەی هێرش و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەمپە مەدەنییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەمالەکانیان، مخابن دوو پێشـمەرگەی حیزبی دێموکڕات بە ناوەکانی نەدا میری و سەمیرا ئەڵایاری؛ هەروەها شاهین ئازەربەرزین، کوڕی پێشمەرگەیەکی ئەم حیزبە، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی ڕزگاریی کوردستان بوون و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.

تاوانەکانی ڕێژیمی مرۆڤکوژ و دژەکوردی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدایە کە پێی وایە لە ڕێگەی هێڕشی دڕندانەوە دەنگی ئازادیخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کپ دەکات. بۆ دوژمن هیچ گومانێک نەماوەتەوە کە خەباتی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان لە پێناو مافەکان و کەرامەتی نەتەوەیی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان بەردەوامە.

بەم بۆنەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەم شەهیدانە، هاوسەنگەرەکانیان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکانیش دەخوازم.

سەرکەوێ یەکڕیزی و خۆڕاگریی کوردستانیان