لە ڕەوتی کارەکانی پلاتفۆرمی وەگەڕخستنی جیهانی لە شاری بارسێلۆنا، شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی بەڕێز مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، زنجیرەیەک دیداری دیپلۆماسیی لەگەڵ سەرکردە و نوێنەرانی پارتە پێشکەوتنخوازەکانی جیهان بەرێوە برد.
لە پەراوێزی ئەم کۆبوونەوە جیهانییەدا کە نوێنەری ٧٠ وڵات تێیدا بەشدار بوون، بەڕێز مستەفا هیجری لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتییە باڵاکانی ئورووپا کۆبووەوە، لەوانە: ستیفان لۆڤێن سەرۆکی پارتی سۆسیالیستەکانی ئورووپا (PES)، ئەڤین ئینجیر و ئاندریاس شیدەر ئەندامانی پارلەمانی ئورووپا، و جیاکۆمۆ فێلیبێک سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیالیستەکانی ئورووپا.
تەوەرەی سەرەکیی ئەم دیدارانە بریتی بوو لە گەیاندنی دەنگی گەلی کورد بە ناوەندە بڕیاربەدەستەکان و تیشک خستنە سەر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکان لە باشووری کوردستان. شاندی حیزب جەختی لە پێویستیی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی دێموکرات و فیدراڵ لە ئێراندا کردەوە.
هەر لە پەراوێزی لوتکەکەدا، سکرتێری گشتیی حیزب لەگەڵ چەندین سەرکردەی دیکەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کۆبووەوە، لەوانە: محەممەد شتایە سەرۆکوەزیرانی پێشووتری فەلەستین، کۆنەر ڕۆسۆ سەرۆکی پارتی "بەرەوپێشەوە"ی بێلژیک، تولای حاتیمۆغۆلاری هاوسەرۆکی دەم پارتی و سردیان میلیڤۆیەڤیچ سەرۆکی حیزبی دێموکراتی سربیا.
هاوکات لەگەڵ ئەم دیدارە سیاسییانە، چالاکییە میدیاییەکانی شاندی حیزب لە ئیسپانیا بەردەوام بوو و بەڕێز مستەفا هیجری لەگەڵ میدیا جیهانییەکانی وەک TVe ،Europa Press و La Sexta وتوێژی ئەنجام دا و تێیاندا دوایین گۆڕانکارییەکانی کوردستان و ئێرانی بۆ رای گشتیی ئیسپانیا و جیهان شی کردەوە.
ئەم بەشدارییە کارایەی حیزبی دێموکرات لە پلاتفۆرمێکی وەها گەورەدا، کە لەلایەن سەرکردەکانی وەک پێدرۆ سانچێز و لۆلا داسێلڤا پاڵپشتی دەکرێت، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی پێگەی دیپلۆماسیی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

