هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە زمان سەرچاوە ئەمنییەتییە دەریاییەکانەوە بڵاوی کردەوە کە ڕۆژی شەممە ٢٩ی خاکەلێوە، لانیکەم دوو کەشتیی بازرگانی لە کاتی تێپەڕبوون لە گەرووی هۆرمۆز لەلایەن ڕێژیمی ئێران کراونەتە ئامانج.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ژمارەیەک لە کەشتییەکان پەیامی ڕادیۆییان لەلایەن هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشتووە کە تێیدا ئاماژە بە "داخستنەوەی گەرووی هۆرمۆز" کراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر بەرپرسانی ڕێژیم باسیان لە کردنەوەی گەرووەکە کردبوو، بەڵام ئێستا گۆڕانکاریی بەسەر سیاسەتەکاندا هاتووە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنی بازرگانی دەریایی بریتانیا ڕایگەیاندووە کە بەلەمە خێراکانی سپای پاسداران لە نزیک کەناراوەکانی عومان تەقەیان لە نەوتهەڵگرێک کردووە.
ئەم هێرشانە بەبێ هۆشداریی پێشوەختە ئەنجام دراون، هەرچەندە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر برینداربوونی پێرسۆنێلی کەشتییەکان بڵاو نەکراوەتەوە.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی باسی لە "کۆنترۆڵی توند"ی گەرووەکە دەکات و هێزە سەربازییەکان جێگیرکراون.
بەردەوامبوونی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هەڕەشە بەرامبەرەکانی تاران، بارودۆخی ناوچەکەی بەرەو ناسەقامگیرییەکی مەترسیدار بردووە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جوڵەی بازرگانی لە ناوچەکەدا هەبووە.