کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام جەختی لە بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکان کردەوە

16:06 - 29 خاکەلێوه 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام)، جارێکی دیکە جەختی لەسەر بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە و ڕایگەیاند کە هێزە سەربازییەکانیان لە ئاوەکانی ناوچەکەدا بە شێوەیەکی چالاک جێگیرن.

بەپێی ئەو بەیاننامەیە، سێنتکام ڕۆژی شەممە ٢٩ی خاکەلێوە، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئیکس" ڕایگەیاند، کەشتیی شەڕکەری "یواێس‌ئێس کانبێرا (LCS 30)" لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا لە دەریای عەرەب خەریکی گەڕان و چاوەدێرییە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی گەمارۆکانەوە تا ئێستا، لانیکەم ٢٣ کەشتی بە فەرمانی هێزەکانی ئەمریکا ڕێڕەوەکەیان گۆڕیوە و گەڕاونەتەوە.

سێنتکام ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزەکانیان سنووردارکردنی توند دەخەنە سەر ئەو کەشتییانەی دەچنە نێو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دێنە دەرەوە. هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەی کۆپتەرەکانی "ئەپاچی"، ڕایانگەیاندووە کە ئەم فڕۆکانە لە گەرووی هۆرمۆز لە ئەرکدان بۆ پاراستنی "ئازادیی دەریاوانی".

ئەم جموجۆڵە سەربازییانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ئاستی گرژییەکان لە کەنداودا گەیشتووەتە لووتکە و ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری ململانێ سەربازییەکان لە ناوچەدا زیاتر بووە.