مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا وێڕای مەحکوومکردنی بەردەوامیی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و کەمپەکانی حیزبی دێموکرت و حیزبە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان ڕایگەیاند کە پێویستە حکومەتی فیدراڵی عێڕاق ڕێوشوێنی کردەیی بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشانە بگرێتەبەر .
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بە توندترین شێوە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین کە هەرچەندە ئێمە بەشێکیش نەبووین لەو شەڕە، کەچی هێرشەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەر بەردەوام بوون.
سەرەڕای ئاگربەست و دانوستانەکان، کەچی بەهۆی هێرشەکانی ئەم چەند ڕۆژانە، پێنج کەس شەهیدبوون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون، ئەمەش هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاگربەست و زیان گەیاندنی زیاتر بە ناوچەکەمان.
دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ ڕێوشوێنی کردەیی بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشانە و داوا لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین کە کەرەستەی پێویست بۆ پاراستنی کوردستان و ژێرخانی وزە ، لەم هەڕەشە بەردەوامانە دابین بکەن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی