کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆناڵد ترامپ: ڕێژیمی ئێران چیتر ناتوانێت باج لە ئەمریکا وەربگرێت

21:08 - 29 خاکەلێوه 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٢٩ی خاکەلێوە، لە ڕێوڕەسمێکدا لە کۆشکی سپی، وێڕای ڕەخنەگرتن لە شێوازی هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لە دانوستانە بەردەوامەکاندا، جەختی کردەوە کە "ڕێژیمی ئێران چیتر ناتوانێت باجمان لێ وەربگرێت".

ترامپ بە ئاماژەدان بە مێژووی ڕەفتارەکانی تاران زیادی کرد کە بەرپرسانی ئێران "هەروەک چۆن لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا کاریان کردووە، هەوڵ دەدەن بە تاکتیکی دووبارە ئیمتیاز بەدەست بهێنن، بەڵام ئەم ڕەوتە چیتر کارایی نییە."

ناوبراو کە لە پەراوێزی واژۆکردنی فەرمانی جێبەجێکردنی "خێراکردنی چارەسەرە پزیشکییەکان بۆ نەخۆشییە دەروونییە سەختەکان" قسەی دەکرد، ڕایگەیاند کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران هێشتا بەردەوامن و لە حاڵی پێشکەوتندان.

سەرۆککۆماری ئەمریکا بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتە ڕوو، دۆخی گشتیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بە ئەرێنی وەسف کرد و بەڵێنی دا کە بەم زووانە زانیاری نوێ سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی پەیوەندیدار بە ئێران بڵاو دەکرێتەوە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەدرێن کە پێشتریش هەندێک ڕاپۆرت سەبارەت بە کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز، بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی ئێران و ڕێککەوتنەکان لەمەڕ ڕاگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی بڵاو ببوونەوە؛ ئەو بابەتانەی کە کاردانەوەی ڕەخنەگرانەی لە ناوخۆی ئێراندا لێ کەوتووەتەوە.