کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: لە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی حەماسی"دا زیاتر لە ١٢ هەزار ئامانج لە ئێران پێکراون

18:28 - 13 خاکەلێوه 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران لەژێر ناوی "تووڕەیی حەماسی"، زیاتر لە ١٢ هەزار و ٣٠٠ ئامانج لەو وڵاتەدا کراونەتە ئامانج.

لەو بەیاننامەیەدا جەخت کراوەتەوە کە لەم هێرشانەدا ئەولەوییەتی کارەکان خراوەتە سەر ناوەندەکانی هەڕەشەی دەستبەجێ و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا زیاتر لە ١٥٥ کەشتیی جەنگیی ئێرانیش کراونەتە ئامانج.

ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی حەماسی" بە هاوکاریی ئیسرائیل لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ دەستی پێکردووە و لە ماوەی زیاتر لە مانگێکدا، کۆمەڵێکی بەرفراوان لە ئامانجە سەربازییەکانی گرتووەتەوە.

بە وتەی سێنتکام، ئەو ئامانجانەی هێرشیان کراوەتە سەر بریتین لە: ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، باڵەخانەکانی بارەگای سپای پاسداران، سایتە هەواڵگرییەکان، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، دامەزراوەکانی مووشەکی بالستیک و دژەکەشتی، ژێرخانەکانی پەیوەندیی سەربازی، دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی دڕۆن و مووشەک، کۆگاکانی تەقەمەنی و هەروەها کەشتییە شەڕکەرەکان و  ژێردەریاییە سەربازییەکان.

ئەم ڕاپۆرتە هەروەها جەخت لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکان بە مەبەستی لاوازکردنی توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامی دەکاتەوە.