کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا خۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکانی ئێران ئامادە دەکات

21:10 - 29 خاکەلێوه 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژوورناڵ"، ئەرتەشی ئەمریکا بۆ دەستبەسەرداگرتن و پشکنینی ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە خۆی ئامادە دەکات.

بە نووسینی ئەم ڕۆژنامەیە لە زمان کۆمەڵێک بەرپرسی ئەمریکایی، ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەو نەوتهەڵگر و کەشتییانە دەگرێتەوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندییان بە هەناردەکردنی نەوت یان گواستنەوەی کەرەستەی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە هەیە و ئەگەری هەیە لە شوێنە جیاجیاکانی جیهاندا بکرێنە ئامانج.

ئەم بڕیارە لە دوای زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکە و کۆنترۆڵی توندی ئێران بەسەر گەرووی هۆرمۆزدا دراوە؛ ئەو شوێنەی کە ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە هێرشکردنە سەر هەندێک کەشتیی بازرگانی تێیدا بڵاو کراوەتەوە.

هەروەها هاتووە کە ئەمریکا تا ئێستا دەیان کەشتیی لە ڕۆیشتن بەرەو بەندەرەکانی ئێران گەڕاندووەتەوە و بەتەمایە مەودای ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر ئەو کەشتی گەلە پەرە پێ بدات کە بە "کەشتیگەلی سێبەر"ی ئێران ناسراون.

ئەم هەنگاوانە وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی بەرفراوانتری ئەمریکا بۆ زیادکردنی گوشارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی و ناچارکردنی بە پێدانی ئیمتیاز لە بواری بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا ناو دەبرێت، لە کاتێکدا کە هاوکات هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش بەردەوامن.