کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەپەکانی باشووری کوردستان: پێویستە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم و پەنابەران ڕابگیرێن

10:36 - 30 خاکەلێوه 2726

لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای مەحکوومکردنی بەردەوامیی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و کەمپەکانی حیزبی دێموکرت و حیزبە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان، داوای هەڵوێستی جیددیان لە حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان کە لە حیزبی شیوعی کوردستان، بزووتنەوەی دێموکراتی گەلی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێک‌هاتووە، ڕاگەیەندراوێکیان بۆ کاردانەوە بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و کەمپەکانی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات بڵاو کردەوە. لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ئەم هێرشانە بەزاندنی ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراق و پێشێلکردنی بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکانن.

ئەم سێ لایەنە سیاسییەی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان هەرگیز هەڕەشە نەبووە بۆ سەر ئەمنییەتی هیچ وڵاتێک، بەڵکوو ئەوە ئێرانە دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم پەلامارانەوە قەیرانە نێوخۆییەکانی خۆی بەرەو دەرەوە هەناردە بکات و ئارامیی ناوچەکە تێک بدات.

لەو ڕاگەیەندراوەدا داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق کراوە بێدەنگی بشکێنێت و لە ڕێگەی کاناڵە دیپلۆماسییەکانەوە هەنگاوی کردەیی بنێت، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکانیش گوشارەکانی بۆ سەر تاران چڕ بکاتەوە تا گیانی پەنابەران و خەڵکی مەدەنی پارێزراو بێت. هەروەها بانگەواز ئاراستەی هەموو هێزە سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کراوە بە یەکدەنگی و بە شێوازی شارستانی دژی ئەم پێشێلکارییانە بوەستنەوە و ڕێگری بکەن لەوەی خاکی کوردستان بکرێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان.