کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم ڕۆژانە ٤٣٥ میلیۆن دۆلار لە گەمارۆی دەریایی زیان دەبینێت

10:41 - 30 خاکەلێوه 2726

ئابووریی ئێران لە ئەنجامی چڕبوونەوەی گوشارە دەرەکییەکان و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، ڕۆژانە نزیکەی ٤٣٥ ملیۆن دۆلار زیان دەبینێت کە دۆخی ئابووریی ئەم وڵاتەی گەیاندووەتە قۆناغێکی قەیراناوی.

دامەزراوەی بەرگریکردن لە دێموکراسییەکان (FDD) ڕایگەیاندووە کە ئەم زیانە داراییانە لە کاتێکدایە کە ئابووریی ئێران پێشتریش ڕووبەڕووی کێشەی قووڵی پێکهاتەیی و خراپیی بەڕێوەبردنی درێژخایەن بووەتەوە.

لەم پێوەندییەدا، ناتان سێڵز، باڵیۆزی پێشووی گەڕۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز" جەختی کردەوە کە گوشاری سزاکان لەپاڵ لێکەوتەکانی شەڕی ئەم دواییە، زیانی زۆر سەختتریان بە ئابووریی ئێران گەیاندووە.

سێڵز جەختی کردەوە ئابووری زیانپێگەیشتووی ئێران ٤٧ ساڵە لەگەڵ ناکارامەیی بەڕێوبەری و سزاکانی ئەمریکا بەرەوڕوویە و وێرانەکانی ئەو ٤٠ ڕۆژەشی هاتووەتە سەر. ٤٣٥ میلیۆن دۆلار لە ڕۆژ پارەیەکی زۆرە و ئەمە بۆ ڕێژیم وێرانکەرە.

هەروەها جۆ بوچینۆ، بەڕێوەبەری پێشووی پەیوەندییەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام)، ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئەم زیانانە، تاران هێشتا هەوڵ دەدات پێگەی خۆی لە گەرووی هۆرمۆز وەک کارتی گوشار بەکاربهێنێت.

بە وتەی ناوبراو، بەرپرسانی ئێران چاودێرییەکی وردی گۆڕانکارییە نێوخۆییەکانی ئەمریکا، لەوانە نرخی وزە و ڕای گشتی دەکەن.