کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لیندزی گراهام: سوپای پاسداران هاوتای "ئێس ئێس و گێشتاپۆ"یە

10:52 - 30 خاکەلێوه 2726

سیناتۆرى باڵای کۆماریخوازەکانى ئەمریکا ڕایگەیاند کە پێیوایە دەوڵەتی ترامپ کاردانەوەی دەبێت بەرامبەر بە هەنگاوەى ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی لە گەرووی هۆرمۆز و ئەم کارە بێ وڵام نامێنێتەوە.

لیندزی گراهام، ڕۆژی شەممە ٢٩ی خاکەلێوە، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس نووسیویەتی کە گۆڕانکارییەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو دەریانخستووە کە بڕیاردانی ڕاستەقینە لە ئێراندا لە دەستی بەرپرسە دیپلۆماسییەکاندا نییە، بەڵکوو لە دەستی هێزە سەربازییەکانە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە لێدوانە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە کراوەیی یان داخرانی گەرووی هۆرمۆز، جەختی کردەوە کە هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر کەشتییەکی بارهەڵگر، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ئەم دامەزراوەیە نیشان دەدات.

گراهام سپای پاسدارانی وەک "هاوتای ئێرانیی ئێس ئێس-گێشتاپۆ" وەسف کرد و زیادی کرد کە پشتگوێخستنی ئەم جیاوازییە، هەڵەیەکی ستراتیژی دەبێت.

گراهام هەروەها وتی دۆناڵد ترامپ لەکاتێکدا هەوڵ بۆ چارەسەری دیپلۆماسی دەدات، بژاردەی توندیشی لەبەرچاو گرتووە، لەوانە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هۆرمۆز، دەرهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران و سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی و دڕۆنی.

بە وتەی ئەو، شێوازی کۆتاییهاتنی ئەم گرژییە دەکرێت کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی هەبێت لەسەر سەقامگیری ناوچەکە و جیهان لە دەیەکانی داهاتوودا.