کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨٥ لەسەدی داهاتی بنەماڵەکان بۆ خۆراک بەکار دێت

11:14 - 30 خاکەلێوه 2726

لە دوای چڕبوونەوەی قەیرانی ئابووری لە ئێران، ڕاپۆرتە نوێیەکان دەریدەخەن کە تێچووی دابینکردنی سەبەتەی خۆراکی بنەماڵەکان گەیشتووەتە نزیکەی ٨٥ لەسەدی داهاتی کرێکارێک؛ دۆخێک کە نیشاندەری گوشارێکی بێوێنە بۆ سەر بژێوی هاووڵاتییان و ناکارامەیی سیاستە ئابوورییەکانی ڕێژیمی ئێران.

بەپێی هەڵسەنگاندنی بڵاوکراوەی "دنیای اقتصاد"، نرخی ماددە خۆراکییەکان لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا ٦٨ لەسەد زیادی کردووە و تێچووی ئەم سەبەتەیە گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٥ ملیۆن تمەن، لە کاتێکدا داهاتی کرێکارێکی خێزاندار بە دوو منداڵەوە نزیکەی ٢٩ ملیۆن تمەن دەخەمڵێندرێت.

ئەم مەودا قووڵە بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە بنەماڵەکان بۆ دابینکردنی تێچووە پێویستەکانی وەک نیشتەجێبوون و پەروەردە، ناچار بن بڕگە بنەڕەتییەکانی خۆراک لاببەن.

لەم نێوەدا، بەرزبوونەوەی توندی نرخی هەندێک کاڵا لەوانە: ڕۆن بە گەشەی ٣٦٦ لەسەد، گۆشتی مریشک ٧٥ لەسەد و گۆشتی سوور ٦٨ لەسەد، گوشارێکی چەندقاتی خستووەتە سەر چینە کەمداهاتەکان.

ئەم دۆخە لە کاتێکدا دروست بووە کە هاوکات لەگەڵ شەڕ و پچڕاندنی ئینتێرنێت لەلایەن ڕێژیمەوە، زۆرێک لە کار و کاسبییەکان داخراون و سەرچاوەی داهاتی کرێکاران بڕاوە.

لابردنی "ارز ترجیحی" (دۆلاری پاڵپشتیکراو) و نەبوونی ڕوونی لە سیاسەتە پشتیوانییەکاندا، نەک هەر نەبووەتە هۆی باشتربوونی بارودۆخەکە، بەڵکوو شەپۆلێکی نوێی گرانی و نادادپەروەریی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندووە.