بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "ئورشەلیم پۆست"، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە "ئایال زەمیر"، سەرۆکی ستادی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل، لە دیدارێکدا لەگەڵ "برەد کوپێر"، فەرماندەی هێزەکانی سێنتکام، جەختی لەسەر کاریگەریی هێرشە هاوبەشەکان بۆ سەر ئێران کردووەتەوە.
زەمیر لەم کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاندووە کە هێرشە ئاسمانییە هەماهەنگەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا، ڕێژیمی ئێرانی لە هەموو کاتێک زیاتر گۆشەگیر و لاواز کردووە.
بەرپرسی ستادی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل ئەم قۆناغەی بە "ڕۆژانێکی مێژوویی" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە وردی پلانیان بۆ داڕێژراوە.
ناوبراو زیادی کرد: ''ئێمە بە هەنگاوێکی هەماهەنگ و هاوکات هێرش دەکەینە سەر ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران؛ مێحوەری تێرۆر لە حاڵی هەرەسهێناندایە و ئێمە تا بەدەستهێنانی تەواوی ئامانجەکانمان، لەسەر ئەم هێرشانە بەردەوام دەبین.''
لەو دیدارەدا، هەردوولا وێڕای هەماهەنگی بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو دژی ئێران، جەختیان لەسەر گرینگیی هاوکارییە دووقۆڵییەکان کردەوە.
زەمیر ڕوونی کردەوە کە یەکە هەواڵگرییەکان، بەرگریی ئاسمانی و لۆجستیکی ئیسرائیل بە شەو و ڕۆژ لەگەڵ هاوتاکانیان لە هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا خەریکی چالاکین تا گۆشەگیریی ستراتیژیی ڕێژیمی ئێران جێگیر بکەن.