ڕۆژنامەی "جێروزالەم پۆست" لە ڕاپۆرتیکدا بڵاوی کردووەتەوە، لە کاتێکدا ئابووریی ئێران بەرەو داڕمانی تەواو هەنگاو دەنێت و ململانێ نێوخۆییەکان گەیشتوونەتە ئەوپەڕی خۆی، سپای پاسداران بە شێوەیەکی بەرچاو خەریکی جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆیەتی بەسەر تەواوی جومگەکانی وڵاتدا.
ئەم ڕاپۆرتە، ڕەوتی ئێستا وەک گرینگترین گۆڕانکاریی سیاسی لە ئێران لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ وەسف دەکات؛ گۆڕانکارییەک کە لە ئەنجامی یەکگرتنی شەڕ، قەیرانی ئابووری و دروستبوونی بۆشایی لە لوتکەی دەسەڵاتی ڕێبەریدا هاتوەتە ئاراوە. بەپێی ئەم شیکارییە، ئەم گوشارانە وایان کردووە هاوسەنگیی نەریتیی نێوان "دەوڵەتی فەرمی " و "ناوەندە ناهەڵبژێردراوەکانی دەسەڵات" تێکبچێت و سیستم بەرەو پێکهاتەیەکی سەربازیی ڕەها بڕوات.
لە ناوەندی ئەم گۆڕانکارییانەدا، درزێکی گەورە لە نێوان مەسعوود پزیشکییان، سەرۆککۆماری ئێران و فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران، لەوانە ئەحمەد وەحیدی، بەدی دەکرێت. بەپێی ڕاپۆرتەکە، پزیشکییان هۆشداریی داوە کە ئەگەر ئاگربەست ڕانەگەیێندرێت، ئابووریی ئێران ڕەنگە "لە ماوەی چەند حەفتەیەکدا بە تەواوی دابڕمێت".
شیکارییەکە دەڵێت فەرماندەکانی سپا لە جیاتی هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی دۆخی ئابووری، دژی گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ دامەزراوە غەیرەنیزامییەکان دەوەستنەوە و بە پێچەوانەوە، دەستیان بەسەر ناوەندە سەرەکییەکانی بڕیارداندا گرتووە. ڕێگریکردن لە دەستنیشانکردنی هەندێک کەسایەتی بۆ پۆستە هەستیارەکان، وەک نیشانەیەکی ڕوونی ئەم گۆڕانکارییە لە ململانێی دەسەڵاتدا باس کراوە.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت مۆدێلی "حکومڕانیی دوو فاقیی" لە ئێران کە تێیدا بەرپرسە بە ڕەواڵەت هەڵبژێردراوەکان لە پەنای دامەزراوە ئەمنییەتییە بەهێزەکاندا کاریان دەکرد خەریکە دەڕووخێت. ئێستا سپای پاسداران بە پەراوێزخستنی دەسەڵاتی غەیرە نیزامی، هێژموونێکی ڕاستەوخۆتری بەسەر بڕیارە سیاسی و ستراتیژییەکاندا هەیە.
گوشارە ئابوورییەکان بەهۆی ساڵانێک گەمارۆ، هەڵاوسانی بێشوێن و لاوازیی ژێرخانی وڵات، وای کردووە بەشێکی گەورەی ئابووری بکەوێتە دەستی دامەزراوەکانی سەر بە سپا و شەڕی ئێستاش ئەم دۆخەی خراپتر کردووە.
ئەم شیکارییە ئاماژە بە دەوری موجتەبا خامنەییش دەکات و دەنووسێت کە دەرکەوتنی ناوی ئەو، نەک نیشانەی دەسەڵاتێکی یەکگرتوو، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی گوشارە نێوخۆییەکانە؛ چونکە ئێستا بڕیارەکان لە لایەن نوخبە ئەمنییەتییەکانەوە دادەڕێژرێن.
لە ئاستی دەرەوەشدا، ئەکتەرە بیانییەکان ئێستا زیاتر لەگەڵ کەسایەتییە ئەمنییەتی و سەربازییەکان مامەڵە دەکەن، نەک دەوڵەتی فەرمی.
لە کۆتاییدا شیکارییەکە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئێران بەرەو قۆناغێک دەڕوات کە تێیدا دامەزراوە غەیرە نیزامییەکان لاواز بوون و ناوەندە سەربازییەکان بە تەرکیزکردنە سەر "مانەوە لە دۆخی قەیرانیدا"، کۆنتڕۆڵی ڕەهای وڵاتیان بەدەستەوە گرتووە.