مام ساڵح ئەحمەدنژاد، باوکی شەهید و ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات و کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەری ناوچەی سەردەشت، دوای تەمەنێک خەبات و ئەمەگداری بۆ ڕێبازی دێموکرات، بەهۆی نەخۆشی و هەڵکشانی تەمەنەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مام ساڵح ئەحمەدنژاد، ناسراو بە مام ساڵە، ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی لە گوندی "دەرمانئاوی" سەر بە ناوچەی هوملی سەردەشت لەدایک بوو. بنەماڵەکەیان بە نیشتمانپەروەری ناسراون و لە جووڵانەوەی ساڵانی ٤٦-٤٧دا هاوکار و یارمەتیدەری شەهید مەلا ئاوارە و هاوڕێیانی بوون.
لەگەڵ دەسپێکی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧دا، مام ساڵح بە چەک و کەرەستەی خۆیەوە پەیوەندی بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە کرد و وەک "سەرپەل" ئەرکی پێ سپێردرا. ناوبراو لە شەڕی سێ مانگەی سەردەشت و شکاندنی ستوونی ئەرتەش لە "دارساوێن"دا، قارەمانانە بەشداری کرد.
مام ساڵە نەک هەر خۆی، بەڵکوو کوڕەکانیشی لەسەر ڕێبازی کوردایەتی پەروەردە کرد؛ کوڕێکی بە ناوی "ڕەشید ئەحمەدنژاد" لە ساڵی ١٣٦٢دا شەهید بوو و کوڕێکی دیکەشی بە ناوی "جەعفەر" ڕیزەکانی هێزی پێشمەگەدا بووە. هەروەها برازایەکی تری بە ناوی "محەممەد ئەحمەدنژاد" لە ساڵی ١٣٦٢دا تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بووە.
ئەم پیاوە تێکۆشەرە، لە ساڵی ١٣٦٧دا دوو جار لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا، بەڵام تا کۆتایی تەمەنی وەک هێمایەکی خۆڕاگری و ورەبەخش بە پێشمەرگە و خەڵک مایەوە.
ناوبراو ڕۆژی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و پاش مێژوویەکی پڕ لە سەروەری، کۆچی دوایی کرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.