ژمارەی قوربانییانی شەڕی ٤٠ ڕۆژەی نێوان کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل گەیشتووەتە زیاتر لە ٣ هەزار و ٤٠٠ کەس؛ ئامارێک کە جارێکی تر ڕەهەندە مرۆییەکانی ئەو شەڕە دەخاتە ڕوو کە بەهۆی سیاستە گرژیخوازەکانی ڕێژیمی ئێران دەستی پێکرد.
بەپێی ئاماری بڵاوکراوە لەلایەن دامەزراوەکانی ڕێژیم، لە کاتی دەستپێکردنی شەڕەوە لە ٩ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، لانیکەم ٣ هەزار و ٤٦٨ کەس کوژراون.
پێشتریش ڕێکخراوی پزیشکی دادوەریی ڕێژیم، ناسنامەی ٣ هەزار و ٣٧٥ کوژراوی ئاشکرا کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە زۆربەی کوژراوەکان پیاوانن.
لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتی ناوەندە سەربەخۆکان لەوانە "هێرانا" ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە ژمارەی ڕاستەقینەی کوژراوان زیاتر بێت و سەدان کەسی مەدەنی، لەوانە منداڵ، لە نێو گیانلەدەستدراوەکان دان.
شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەم شەڕە لە ئەنجامی بەردەوامیی تەماحە ئەتۆمییەکان و پەرەپێدانی بەرنامە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دروست بووە.
پێداگریی ڕێژیمی ئێران لەسەر ئەم سیاسەتانە و پشتگوێخستنی هۆشدارییە بەردەوامەکان، بەستێنی ململانێیەک بوو کە لە کۆتاییدا هاووڵاتییانی مەدەنی گەورەترین باجیان تێدا دا.
سەرەڕای ئەم زیانە گیانییە قورسانە، هێشتا نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەردەوامیی ڕوانگە گرژیخوازەکانی تاران و لێکەوتە مرۆییەکانی بەردەوامە.