کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی نوێی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ لەژێر ناوی دادگاییکردنی خێرا

13:17 - 30 خاکەلێوه 2726

سەرۆکی دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی جارێکی تر جەختی لەسەر خێراکردنی لێکۆڵینەوە لە دۆسییەی دەستبەسەرکراوان کردووەتەوە و داوای کردووە "ڕێڕەوی ئاسایی" لە پرۆسەی دادگاییکردندا وەلابنرێت؛ ئەم هەڵوێستەش نیگەرانییەکانی سەبارەت بە دۆخی مافەکانی تۆمەتباران زیاد کردووە.

غوڵامحوسێن موحسێنی ئێژەیی لە وتارێکی نوێدا ڕایگەیاندووە کە لە بارودۆخی ئێستادا، دەزگای داد دەبێت بە "ئارایشی جەنگی" کار بکات و دۆسییەی ئەو کەسانەی کە بە "هاوکاری دوژمن" ناویان دەبات، لە کورتترین ماوەی گونجاودا لێکۆڵینەوەیان بۆ بکرێت.

هەروەها پێشنیاری کردووە کە لە هەندێک حاڵەتدا، لێکۆڵینەوە لە تۆمەتباران تەنانەت لە نێو زیندانەکان و لە دەرەوەی ڕێڕەوی ئاسایی دادوەری ئەنجام بدرێت.

ئێژەیی هەروەها جەختی کردەوە کە سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانی سزادراوان "هیچ جۆرە نەرمی نواندنێک ئەنجام نەدرێت و جێبەجێکردنی حوکمەکان، چ ئەو حوکمانەی پەیوەستن بە سێدارە و چ ئەو حوکمانەی پەیوەستن بە دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامان، نابێت هیچ دواکەوتن و سستییەکیان تێدا بکرێت."

ئەم ڕوانگەیە لە کاتێکدا دەخرێتە ڕوو کە لە حەوتووەکانی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرت سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی هاووڵاتییان بە تۆمەتی گشتگیری وەک "نیشتمانفرۆشی"، "سیخوڕی" و "خیانەت" بڵاوکراونەتەوە، بێ ئەوەی زانیارییەکی ڕوون سەبارەت بە ناسنامەی دەستبەسەرکراوان یان پرۆسەی دادگاییکردنیان بخرێتە ڕوو.

ڕەخنەگرانی ئەم سیاستانە هۆشداری دەدەن کە جەختکردنەوە لەسەر خێرایی لە دادگاییکردن و وەلانانی ڕێکارە یاساییەکان، دەکرێت پرەنسیپی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لاواز بکات و بەستێن بۆ دەرچوونی سزای ناڕوون خۆش بکات.

لە بارودۆخێکدا کە گوشارە ئەمنییەتییەکان زیادیان کردووە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی پرۆسەی دادوەری وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی نەیاران ڕوو لە زیادبوونە.