کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی زیاتر لە ١٥٠ چەکداری حیزبوڵڵا ڕۆژێک پێش ئاگربەست

13:42 - 30 خاکەلێوه 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژی پێش جێبەجێکردنی ئاگربەست لە لوبنان، زیاتر لە ١٥٠ چەکداری گرووپی حیزبوڵڵا، لەوانە چەند فەرماندەیەکی مەیدانی، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتەدا کوژراون.

بە وتەی ئەرتەشی ئیسرائیل، لەم ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەی ڕۆژی پێنجشەممەدا، نزیکەی ٣٠٠ ئامانجی پەیوەندیدار بە حیزبوڵڵای لوبنان لە ناوچە جیاجیاکانی لوبنان کراونەتە ئامانج. ئەم ئامانجانە سەکۆی هاویشتنی مووشەک، ناوەندی فەرماندەیی و کۆگای چەک و تەقەمەنی لەخۆدەگرن.

لە بەیاننامەکەی ئەرتەشی ئیسرائیلدا ئەوەش هاتووە کە یەکێک لە فەرماندە کوژراوەکان، بەرپرسی ناوچەی "بنت جبیل" بووە و پێشتریش چەند فەرماندەیەکی تری ئەم ناوچەیە لە کاتی پێکدادانەکانی ئەم دواییەدا کراونەتە ئامانج.

ئیسرائیل ئیدیعای ئەوە دەکات کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بەشێک بووە لە هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی توانای سەربازیی حیزبوڵڵا پێش دەستپێکردنی ئاگربەست.

بەپێی هەمان ڕاپۆرت، لە کاتی چڕبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لە بەرەی لوبنان و هاوکات لەگەڵ شەڕی ناوچەیی، زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ چەکداری حیزبوڵڵا کوژراون.