دامەزراوەی نێودەوڵەتیی "نێت بلاکس" ڕایگەیاند کە پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێران چووەتە ٥١هەمین ڕۆژی خۆی و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی درێژترین و توندترین گەمارۆی دیجیتاڵیی لەسەر ئاستی جیهان دژی هاووڵاتییانی خۆی بەکار هێناوە.
دامەزراوەی "نێت بلاکس" ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خاکەلێوە، نوێترین ئامارەکانی بڵاوکردەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێران لە ١٢٠٠ کاتژمێر تێپەڕیوە و ئەمەش وەک "دیاردەیەکی نائاسایی لە هەموو جیهاندا" پێناسە کراوە.
"نێت بلاکس" لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرەڕای بەڕێوەچوونی هەندێک وتوێژی سیاسی، بەڵام مافی سەرەتایی هاووڵاتییانی ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئینتێرنێتی جیهانی بە تەواوی پشتگوێ خراوە. ئەم دامەزراوەیە پێشتر جەختی کردبووەوە کە ئەمە توندترین و درێژخایەنترین پچرانی ئینتێرنێتە کە تا ئێستا لەلایەن حکوومەتێکەوە لە مێژووی ئەم تێکنۆلۆژیەدا ئەنجام درابێت.
شارەزایان پێیان وایە کە کۆماری ئیسلامی بە بڕینی ئینتێرنێت دەیەوێت بەربەست لەبەردەم بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان و دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک دروست بکات و لە ژێر سایەی ئەم بێدەنگییەدا درێژە بە تاوانەکانی و سەرکوتی نەیاران بدات.
ئەم گەمارۆ دیجیتاڵییە لە کاتێکدایە کە چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن کە بڕینی ئینتێرنێت جگە لە زیانە ئابوورییە گەورەکان، پێشێلکردنی ڕاشکاوی ئازادیی ڕادەربڕین و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە.