دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بە ئاماژەدان بەوەی کە بە "پێشێلکارییەکی جیددیی ئاگربەست" لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ناوی برد، هۆشداری دا کە کاتی ئەوە هاتووە "ماشینی کوشتاری ئێران" بوەستێنرێت.
ترامپ ڕۆژی یەکشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیال" نووسی کە ئێران دوێنێ لە گەرووی هۆرمۆز دەستی بە تەقەکردن کردووە و ئەم کارەشی بە "پێشێلکارییەکی تەواو"ی ڕێککەوتنی ئاگربەست زانی.
بە وتەی ئەو، هەندێک لەو تەقەکان ئاراستەی کەشتییەکی فەرانسەیی و کەشتییەکی بارهەڵگری بریتانیایی کراون.
سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند کە نوێنەرەکانی بۆ ئەنجامدانی دانوستان بەرەو ئیسلامئاباد بەڕێکەوتوون و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا گفتوگۆکان لەو شارەدا بەڕێوەبچن.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژەدان بە هەڕەشەی تاران بۆ داخستنی گەرووی هۆرمۆز، ئەو هەوڵەی بە "سەیر" وەسف کرد و وتی کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بە کردەوە ئەو ڕێگەیەی سنووردار کردووە.
ترامپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە داخرانی ئەم ڕێڕەوە ڕۆژانە ٥٠٠ میلیۆن دۆلار زیان بە ئابووری ئێران دەگەیەنێت، لە کاتێکدا بە وتەی ئەو، ڕێگەی جێگرەوە بۆ دابینکردنی وزەی ئەمریکا چالاک کراون.
لە کۆتاییدا، ترامپ وتی ئێمە پێشنیاری ڕێککەوتنێکی زۆر دادپەروەرانە و ژیرانە دەکەین و هیوادارم قبووڵی بکەن؛ چونکە ئەگەر قبووڵی نەکەن، ئەمریکا یەکە یەکەی وێستگەکانی کارەبا و پردەکان لە ئێران لەناو دەبات.