کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد دوا هەلـی کۆماری ئیسلامییە

17:19 - 30 خاکەلێوه 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە گفتوگۆکانی داهاتوو لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی، "دوا هەل"ـە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و لە ئەگەری شکستخواردنیدا، لێکەوتەی توند چاوەڕێی تاران دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی "ترای ئینگست"، پەیامنێری هەواڵدەری "فاکس نیوز"، ترامپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ٢٠ خولەکیدا جەختی کردووەتەوە کە "جارید کوشنێر" و "ستیڤ ویتکاف"، نێردراوەکانی ئەو بەرەو ئیسلام ئاباد بەڕێکەوتوون بۆ ئەوەی ڕۆژی سێشەممە و ئەگەری زۆرە تا چوارشەممە، لەگەڵ دانوستانکارانی ڕێژیمی ئێران کۆ ببنەوە.

ترامپ لەم چاوپێکەوتنەدا هۆشداری دا کە لە ئەگەری واژۆنەکردنی ڕێککەوتنەکە، "تەواوی وڵاتەکە لەنێو دەچێت" و ژێرخانەکانی وەک پردەکان و وێستگەکانی کارەبا دەکرێنە ئامانج.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژە پێشنیارکراوەکەی ئەمریکا بریتییە لە "کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز" و "کۆتاییهێنان بە دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە ئۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی بەرز".

بە وتەی ئینگست، سەرۆککۆماری ئەمریکا ئەم ڕێککەوتنەی بە "زۆر سادە" وەسف کردووە و جەختی کردووەتەوە کە ئەمە دوایین دەرفەتە بۆ ئێران.

ترامپ هەروەها ڕوونی کردەوە کە نایەوێت شێوازی باراک ئۆباما دووبارە بکاتەوە و ڕێگە بدات بە بەردەوامیی بەرنامەی ئەتۆمی لە بەرامبەر پێدانی ئیمتیازی دارایی.