کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانێک دژی سێدارە و هێرشە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم لە شاری کۆڵن بەڕێوە چوو

21:41 - 30 خاکەلێوه 2726

کوردەکان و لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە شاری کۆڵنی ئاڵمان، لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییدا هێرشەکانی ئەم دواییەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات و شەپۆلی لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسییان مەحکووم کرد.

ڕۆژی شەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، خۆپێشاندانێکی بەرین بە بەشداریی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چەندین لایەنی سیاسیی دیکە لە شاری "کۆڵن" بەڕێوە چوو.

لە بەشێکی ئەم چالاکییەدا، بەرزڕاگرتنی یادی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کە لە هێرشە تێرۆریستییەکانی ئەم دواییەی ڕێژیم بۆ سەر بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید و بریندار بوون، تەوەرێکی سەرەکی بوو. بەشداربووان بە توندی سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی خەڵکی مەدنی و کەمپ و بنکەی حیزبییەکانیان کرد.

پەیامی خۆپێشاندەران لە چەند خاڵێکدا چڕ ببووە:

ڕاگرتنی دەستبەجێی حوکمی سێدارە و ئازادکردنی بەندکراوانی سیاسی.

کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دیجیتاڵی و دەستەبەرکردنی مافی ئازادیی ئینتێرنێت.

مەحکوومکردنی هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر باشووری کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەکان.

لە پانێڵی پەیامەکاندا ئەم کەسایەتییانە وتاریان پێشکەش کرد:  خاتوو بەهار حوسێنی پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە زمانی کوردی خوێندەوە.

کاک سوڵتان گوڵاوی وەک بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمان، پەیامی حیزبی بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش کرد.

خاتوو ڕادا فاتیحی، خۆشکی شەهید ڕامین فاتیحی، وەک نوێنەری بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان پەیامێکی کاریگەری خوێندەوە

کاک تەها ئازادی، نوێنەری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران و کاک بێهروز مەلەکشا، نوێنەری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پەیامەکانی خۆیان خوێندەوە.

لە نێوئاخنی خۆپێشاندانەکەدا، بەشداربووان بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئاڵمانی دروشمی توندیان دژی دیکتاتۆری و سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی بەرز کردەوە و داوایان لە دەوڵەتی ئاڵمان کرد گوشارە دیپلۆماسییەکانی بۆ سەر تاران زیاد بکات.