
ئیبراهیم لاجانی
وتارەکەی کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پارلمانی ئورووپا بە زمانی کوردی، لە لایەن چاوەدێرانی سیاسی، وەک کردەوەیەکی سیاسیی چەند لایەنە هەڵدەسەنگێنرێ. ئەو کردەوەیە نەک هەر نیشانەی حزووری سیاسیی نەتەوەیی کورد لە ئاستی دامەزراوەکانی یەکیەتیی ئورووپادایە، بەڵکوو لە چوارچیوەی دیپلۆماسی و خەباتی مێژویی گەلی کورد لە ئێران بۆ وەدەستهێننانی مافە ڕەواکانیدا، مانایەکی سیمبولیک و کارکردانەی هەیە. لەو وتارەدا ئەو کردەوەیە لە سێ ئاستدا لێکدەداتەوە. ئاستی شوناسی و سیمبولیک، ئاستی دیپلۆماتیک و مافەکانی مرۆڤ و ئاستی ریتۆریک دیسکۆرسی خەباتگێڕانە.
زمانی کوردی وەک ئامڕازی خۆناساندن وخۆنیشاندانی سیاسی خاوەنی ئەو بایەخەیە. وتاردان بە زمانی کوردی لە دامەزراوەیەکی ڕەسمی یەکیەتیی ئورووپادا، لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە کردەوەیەکی سیمبولیک لەقەڵەم دەدرێ. کردەوەیەک کە چەند پەیامی گرنگی تێدایە. بەڕەسمی ناسینی شوناس و زمان و فەرهەنگی کوردی لە فەزایەکدا کە بەشێوەیەکی ئاسایی تەنیا زمانی ڕەسمی دەوڵەتەکان بەکار دەهێنرێت.
بەکارهێنانی زمان وەک ئامڕازی خەبات و بەربەرەکانی مەدەنی بایەخێکی دیکەی ئەو ئەکتەیە. ئەوە بۆیە زۆر گرنگە چوونکە زمانی کوردی لە ئێراندا لەگەڵ کۆسپ و بەربەست و سەرکوتی جۆراوجۆری دەوڵەتی بەرەوڕوویە. نیشاندانی سوژە و کاراکتەرێکی سیاسی کورد کە نەک هەر لە جوگرافیای ئێراندا، بەڵکوو لە ئاستی نێونەتەوەییشدا دەدوێ و کێشەی کورد دێنێتە گۆڕێ.
لە پێوەندی لەگەڵ پرسی نوێنەرایەتیدا، کەڵکوەرگرتن لە زمانی دایک لە دامەزراوەیەکی نێونەتەوەییدا خۆی لە خۆیدا بە شیوەیەکی سیمبولیک بریتییە لە هێنانەگۆڕی داخوازە ڕەواکانی کورد. ئەوە بەو مانایەیە کە نەتەوەیەک تەنانەت ئەگەر دەوڵەتیشی نەبێت، دەتوانێت زمانەکەی لە ئاستی نێونەتەوەیدا بەکار بێنێ و گوێی لێ بگیرێ.
ئاستی دیپلۆماتیک و مافەکانی مرۆڤ: پارلەمانی ئورووپا یەکێک لەو دامەزراوانەیە کە لە سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپادا و لە پێوەندی دەگەڵ مافەکانی مرۆڤ و چاودێری بە سەر مافە نەتەوەیی، زمانی و ئایینییەکاندا، ڕۆڵێکی پڕبایەخ دەگێڕێ. بۆیە حزووری ڕێبەرێکی سیاسی گەلی کورد لە ئێران لەو ئەنستیتۆ گرنگەدا پەیامێکی چەند لایەنە دەگەیەنێ.
بەنێونەتەوەیی کردنی پرسی کورد: ئەو کردەوەیە پرسی مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران لە ئاستی نێوخۆیی و ئێرانییەوە، دەگوێزێتەوە بۆ ئاستێکی ئورووپایی.
کەڵکوەرگرتن لە دیپلۆماسی گشتی: پێشکەشکردنی وتار وەک نوێنەری گەلی کورد لە پارلمانی ئورروپادا بۆخۆی بە جۆرێک لە کاری دیپلۆماسیی گشتی دادەنرێت. دیپڵۆماسییەک کە ئامانجەکەی بریتییە لە ڕاکێشانی سەرنج و پشتیوانی بیروڕای گشتی، کۆڕوکۆمەڵەکانی لایەنگرانی مافی مرۆڤ و ناوەندەکانی بڕیاردان و سیاسەتگوزاری لە ئورووپا.
پێداگرتنەوە لەسەر ئەسڵەکانی مافەکانی مرۆڤ: لەو جۆرە دەرفەتانەدا، بە شێوەیەکی گشتی، ڕێبەرانی گەلانی بندەست پرسی ماف و ئازادییەکان، مەسەلەی چەوسانەوە و هەڵاواردنی پێکهاتەیی، مافی بەشداری و هاوبەشی لە پرۆسەی سیاسیدا، مافی خوێندن بە زمانی دایک، مافە نەتەوەیی و ئایینی و زمانییەکان دەخەنە بەرباس. هەموو ئەوانەش لە پەیماننامە و کۆنڤانسێۆنە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا هاتوون. بەوجۆرە ویست و داخوازەکانی گەلی کورد بە زمان و ڕیتۆریکی مافەکانی مرۆڤ دەردەبڕدرێن و لە ئاکامدا باشتریش وەردەگیرێن.
دۆزینەوەی ئەو کاناڵانەی ڕەوایی بە خەباتی کورد دەبەخشن: حزووری سیاسی و ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکانی پارلمانی ئورووپادا، بۆ هەر حیزبێکی سیاسی و بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانە، مەشڕوعییەت درووست دەکات. ئەوە بەتایبەتی ئەوکاتە گرنگە، کە ئەو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییانە، ئەو بزووتنەوانە، وەک بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە نێوخۆدا لەگەڵ سەرکوت و زەبروزەنگ بەرەوڕوون و حەقی تێکۆشانی سیاسییان نییە.
دیسکۆڕسی خەباتگێڕانە: لە ڕیتۆریکی خەباتگێڕانەی کورددا سێ توخمی سەرەکی هەن. شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی، خەبات و بەربەرەکانی و بەرخۆدان، مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد لە چوارچیوەیەکی دێموکڕاتیدا.
لەو پێوەندیەدا وتارەکەی کاک هیجری چەند کارکردی هەیە. پێناسەکردنەوە، یا داڕشتنەوەی سەرلەنوێی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە چوارچێوەیەکی دیپلۆماتیکدا و گواستنەوەی بۆ کۆنتێکستێکی مەدەنی. ئەوە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا پێی دەگوترێ تێکەڵکردنی بەرخۆدانی سەخت دەگەڵ خەبات و بەربەرەکانییەکی نەرم. بەرهەمهێنانی دیسکۆرسێکی تازە بۆ کورد لە ئێران، کە پێ لەسەر لابردنی ستەم و هەڵاواردن و دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد لەف ۆڕمی فیدڕالیزمدا دادەگرێ.
بایەخێکی دیکەی ئەو بڕیارەی سکرتێری گشتی هەوڵدان بۆ خوڵقاندنی ڕیوایەتێکی هاوبەش لە نێوان هەموو بەشەکانی کوردستاندایە. کەڵکوەرگرتن لە زمانی کوردی لە ئاستی پارلمانی ئورووپادا، بەجۆرێک دەبێتە هۆی درووستبوونی پێوەندییەکی سیمبۆلیک لە نێوان ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا. ئەمە حافیزەی بەکۆمەڵی کورد بەهێزیت دەکات و دەبێ بگوترێ هەر چەشنە کار و خەباتێکی لەو چەشنە لە ئاستی نێونەتەوەییدا کۆیادی بەکۆمەڵی کوردەکان بەهێزتر دەکات و خەبات و تێکۆشانی کورد دەباتە پێشتر و ئاسۆیەکی تازە بە ڕووی میللەتەکەماندا دەکاتەوە.
بایەخی ئەو کارە لە سیاسەتی ئێراندا
وتارەکەی کاک مستەفا لە فەزای سیاسیی ئێرانیشدا بایەخ و گرنگییەکی تایبەت بە خۆی هەیە. هێنانەگۆڕێی مەسەلەی نەتەوە بندەستەکانی ئێران لە ئاستی نێونەتەوەییدا، لە پارلمانی ئورروپادا، کار دەکاتە سەر گفتوگۆی نێوان ئورووپا و ئێران لە بواری سیاسی و مەسەلەی پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤدا. ئەوەش بە نۆرەی خۆی سەرنجی دونیا و بیروڕای گشتی ئورووپا بۆ لای خەباتی گەلی کورد ڕادەکێشێ. لەوەش زیاتر، هێنانەگۆرێی پرسی کورد لە ئێران لە پارلمانی ئورووپادا، بە جۆرێک لە فەزای سیاسی ئێرانیشدا ڕەنگ دەداتەوە.
بەهێزکردنی وێژمانی مافتەوەر لە سیاسەتی کوردیدا
ئەو جۆرە دەرفەتانە دەبنە هۆی ئەوەی کە نوێنەرانی کورد پێ لەسەر بردنەپێشی خەباتێکی سیاسی و مەدەنی و دوور لە توندوتیژی دابگرن.
بەوجۆرە دەتوانین بڵێین کە ئامادەبوون و پێشکەشکردنی وتار بەزمانی کوردی لەلایەن سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پارلمانی ئورروپادا، هەر بەتەنیا بە ڕووداوێکی مێدیایی دانانرێ. بەڵکوو کارێکی سیاسی و دیپلۆماتیکی چەندلایەنەیە لە چوارچێوەی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا.