کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئەمریکا لە دەریای عومان

10:58 - 31 خاکەلێوه 2726

وتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە ئەمریکا بە تەقەکردن لە کەشتییەکی بازرگانیی ئێران لە ئاوەکانی دەریای عومان، ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان تاران و واشنگتۆنی پێشێل کردووە. ئیبراهیم زولفەقاری ئاماژەی بەوە کرد کە هێزە ئەمریکاییەکان دوای لەکارخستنی سیستمی ڕێدۆزیی کەشتییەکە، لە ڕێگەی هێزە دەریایییەکانەوە دەستیان بەسەردا گرتووە.

وتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیا ئەم کارەی ئەمریکای بە "دزدیی دەریاییی چەکدارانە" ناوبرد و هۆشداریی دا کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەم زووانە وەڵامی ئەو هێرشە دەدەنەوە.

پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سنتکام) پشتڕاستی کردبووەوە کە هێزەکانیان کەشتییەکیان پەک خستووە کە ویستوویەتی بچێتە نێو بەندەرەکانی ئێران و گەمارۆ دەریایییەکان پێشێل بکات.

 هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خاکەلێوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە "ترووس سۆشیاڵ" هەواڵی هێرشی ئەرتەشی وڵاتەکەی بۆ سەر کەشتیی بازرگانیی "توسکا" و دەستبەسەرداگرتنی بڵاوکردەوە.

بە وتەی ترەمپ، ئەو کەشتییە بە ئاڵای کۆماری ئیسلامییەوە لە ڕێگدا بووە و لە لیستی سزاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بووە.