کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ئاڕژانتین لە هەنگاوە سەربازییەکان دژی کۆماری ئیسلامی

11:08 - 31 خاکەلێوه 2726

خاڤیێر میڵی، سەرۆککۆماری ئاڕژانتین، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ئورشەلیم، پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوە سەربازییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران ڕایگەیاند کە نیشاندەری قووڵبوونەوەی هاوپەیمانیی بۆینس ئایرێس لەگەڵ تێلئاڤیڤە لە بارودۆخی پەرەسەندنی گرژیی ناوچەییەکاندا.

میڵی سەردانەکەی لە لای "دیواری نودبە"، یەکێک لە پیرۆزترین شوێنی جووەکان دەست پێ کرد و بڕیارە بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ئیسرائیل، لە ڕێوڕەسمێکی هێماییدا بەشداری بکات.

لە درێژەی ئەم پێشهاتانەدا، بەرپرسانی ئیسرائیل پێشوازییان لە بڕیارەکەی ئاڕژانتین کرد بۆ ناساندنی سپای پاسداران و هێزی قودس وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی.

هەروەها هەردوولا دەستپێکردنی "پەیمانی ئیسحاق"یان وەک چوارچێوەیەک بۆ فراوانکردنی هاوکارییە ستراتیژییەکان ڕاگەیاند.

سەرۆککۆماری ئاڕژانتین بە ئاماژەدان بە دۆسیەکانی تەقینەوەکانی بۆینس ئایرێس، جارێکی تر کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کرد و جەختی لەسەر پشتیوانی خۆی بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی کردەوە.

هەروەها لەو دیدارەدا، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە شەڕ لەگەڵ ئێران کۆتایی نەهاتووە و هەر ساتێک ئەگەری هەیە پێشهاتێکی نوێ ڕوو بدات.